پەرەگراف
پێچەوانەى لێدوان و چاوەڕوانییەکان، بەغداد مووچەى مانگى حەوتى نەنارد، بەڵکو جارێکى دیکە دیوانی چاودێریی دارایی عێراق لیژنە بۆ وردبینی لە لیستی مووچە دەنێرێتەوە هەرێمی كوردستان.
بەپێی فەرمانێكی دیوانی كە واژووی د. عەمار سوبحی، سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی عێراقی لەسەرە و لە 14-8-2024 دەركراوە، لیژنەیەكی 15 كەسیی ديوانى چاودێریی دارایى عێراق سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات.
بەپێى نووسراوەکە، سەردانى لیژنەکە پەیوەستە بە جێبەجێکردنى ئەرکەکانى دیوانى چاودێریى دارایى عێراق لە چوارچێوەى یاساى بودجەى عێراق.
سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت "لیژنەكە تایبەت بەوردبینی لە لیستەكانی مووچە و خەرجی و داهات سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات".
ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت "بابەتی لیستی مووچە و وردبینی و پێنەدانی زانیاری و داهاتی نانەوتی و داهاتی نەوت، كراوەتە حیكاتی مێش، باجی ئەمەش خەڵك داوێتی حەق وایە كۆتایی بەم حیكایەتی مێشە بهێنن".
چەند جارێك دیوانی چاودێریی دارایی عێراق لیژنەی بۆ وردبینی لە لیستی مووچە و خەرجی و داهاتی هەرێم ڕەوانە كردووە، بەڵام بوونی كێشەی زۆر لە لیستەکاندا، واى کردووە تا ئێستا کێشەى مووچە چارەسەر نەبێت.
ڕۆژى سێشەممە 13-8-2024، تەیف سامى، وەزیرى دارایى عێراق، سەردانى پەرلەمانى عێراقى کرد و لەگەڵ لیژنەى دارایى کۆبووەوە. هەرچەندە بەشێک لە ئەندامانى لیژنەى دارایى ڕایانگەیاند کە لە کۆبوونەوەکەدا تەیف سامى ڕایگەیاندووە لە دوو ڕۆژى داهاتوودا و تا ڕۆژى پێنجشەممە کە دوێنێى دەکرد، مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم بەبێ هێزە ئەمنییەکان دەنێرن، بەڵام بەغدا مووچەکەى نەنارد.