وەزارەتی دارایی هەرێم: لاریمان نییە لەسەر خەرجکردنی مینحەی ٢٠ هەزار زیندانی سیاسی

15-08-2024 09:11

پەرەگراف

وەزارەتی دارایی هەرێم ڕەزامەندی پیشاندەدات لەسەر خەرجکردنی مینحەی مانگانەو مەقتوعەی زیاتر لە ٢٠ هەزار زیندانیکراو و گیراوی سیاسی کە سەرجەم ڕێکارە یاساییەکانیان تەواوکردووەو ماوەی ١٠ ساڵە چاوەڕێی خەرجکردنی پارەن.

وەزارەتی دارایی لە وەڵامی نووسراوێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمدا دەڵێت، لارییان نییە لەسەر خەرجکردنی مینحە بۆ ئەو زیندانیکراو و گیراوە سیاسییانە کە وەزارەتی شەهیدانی داوای خەرجکردنی مینحەکانیان دەکات کە بریتییە لە؛ خەرجکردنی  8 ملیار و 827 ملیۆن و 750 هەزار دینار وەکو مینحەی مانگانە بۆ 19 هەزار و 592 زیندانی و گیراوی سیاسیی بۆ بەشەکانی 9، 10، 11، 12، 13، 14 و 15 کە بۆ ماوەی 10 ساڵە و لە ساڵی 2013وە بەهۆی قەیرانی داراییەوە وەریان نەگرتووە و سەرجەم رێککارە یاساییەکانیان تەواو کردووە، لەلایەن لیژنەی تێڕوانینی زیندانی و گیراوی سیاسییەوە پشتڕاست کراونەتەوە و بە زیندانی و گیراوی سیاسیی ناسێندراون.

هەروەها خەرجکردنی یەک ملیارو ٨٨٥ ملیۆن دینار بۆ هەزارو ٢٩ کەسی دیکە کە مینحەی مانگانە نایانگرێتەوەو تەنها یەکجار پێیان دەدرێت.

وەزارەتی دارایی لە وەڵامەکەیدا بۆ ئەنجومەنی وەزیران لیستی ناوی زیندانیکراو و گیراوە سیاسییەکانی هاوپێچ کردووە.

مووچەی مانگانە بۆ ناوی زیندانیکراو و گیراوە سیاسییەکان ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لەسەردەمی ڕژێمی بەعسدا زیاتر لە شەش مانگ لە زینداندا ماونەتەوە، ئەوانەشی لە شەش مانگ کەمتربێت، ئەوا بەپێی مانگەکانی زیندانیکردنیان بڕە پارەیەکیان پێدەدرێت کە تەنها بۆ یەکجارەو مینحەی مانگانە نایانگرێتەوە.