هەشت ساڵ بەسەر تیرۆركردنی وەدات حسێن تێدەپەڕێت و تۆمەتباران ئازادن

13-08-2024 09:16
چالاكی بۆ ساڵیادی تیرۆركردنی ڕۆژنامەنووس وەدات حسێن - لەندەن __ 13-8-2024‏

پەرەگراف

لە ناوخۆی هەرێم و دەرەوەی وڵات، چالاكی بۆ ساڵیادی تیرۆركردنی ڕۆژنامەنووس وەدات حسێن بەڕێوە چوو. ‏لە دهۆك هێزە ئەمنییەكان ڕێگرییان كرد و ڕۆژنامەنووسێكیشیان دەستگیر كرد.‏

لە شاری سلێمانی بە بەشداریی دەیان ڕۆژنامەنووس و چالاكی مەدەنی، مەراسیمێك بۆ هەشتەمین ساڵیادی ‏تیرۆركردنی وەدات حسێن بەڕێوە چوو. تێیدا بەیاننامەی بنەماڵەی ئەو ڕۆژنامەنووسە و ئاژانسی ڕۆژنیووز كە ‏وەدات كاری تێدا دەكرد، خوێندرایەوە. لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیاش ژمارەیەك لە ڕۆژنامەنووس و ‏چالاكان چالاكییەكیان بەو بۆنەیەوە ئەنجام دا.‏

بەڵام ئێوارەی ئەمڕۆ ژمارەیەك لە چالاك و ڕۆژنامەنووسان هەوڵیان دا چالاكییەك لەسەر گۆڕی ئەو ‏ڕۆژنامەنووسە ئەنجام بدەن، كەچی هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی دهۆكەوە ڕێگرییان ‏لێ كرا‎.‎

هێزە ئەمنییەكانی دهۆك ڕۆژنامەنووس (ئومێد بەرۆشكی)ـشیان دەستبەسەر كرد كە هەوڵی دەدا چالاكییەك ‏بۆ ئەو ساڵیادە ڕێك بخات، پاش چەند كاتژمێرێك ئەمشەو ئازاد كرا.‏

كەسوكاری ئەو ڕۆژنامەنووسە دەڵێن "وەدات لە شەقامێكی قەرەباڵغی دهۆك و بە ئاشكرا ڕفێندراوە، بەڵام تا ‏ئێستا تۆمەتباران دەستگیر نەكراون، ئەمەش هیچ گومانێك ناهێڵێتەوە كە ئەم تیرۆرە لەلایەن دەسەڵاتەوە یان ‏لەژێر چاودێریی ئەواندا ئەنجام دراوە‎".‎

ئاژانسی ڕۆژنیووزیش ڕاستەخۆ پارتی دیموكراتی كوردستان بە "تیرۆركردن"ـی وەدات حسێن تۆمەتبار دەكات و ‏دەشڵێت "دادگای دهۆك لە پاش هەشت ساڵ، لە بەرانبەر تیرۆرێكی ئاشكرا و بە ڕۆژی ڕووناك، لەگەڵ هەبوونی ‏دەیان بەڵگە و دەلیل، هێشتا پەیڤێكی نوێی لەبارەی كەیسی تیرۆركردنی شەهید وەدات حسێنەوە نەدركاندووە، ‏بكوژانی دەستگیرنەكراون و كەیسەكەشی لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە داخراوە".‏

ڕۆژنامەنووس وەدات حسێن، پەیامنێری ئاژانسی ڕۆژنیووز، لە بەیانیی 13-8-2016 لە ناوشاری دهۆك ‏لەلایەن چەند چەكدارێكەوە ڕفێندرا و بە ئەشكەنجەدانەوە كوژرا‎.‎