ڕێبوار تەها مەرسومی کۆماریی وەرگرت بۆ دەستبەکاربوونی وەک پارێزگاری کەرکوک

13-08-2024 12:51

پەرەگراف

لەتیف ڕەشید سەرۆککۆماری عێراق پێشوازیی لە ڕێبوار تەها پارێزگاری هەڵبژێردراوی کەرکوک کردو مەرسومی کۆماریی ڕادەست کرد بۆ دەستبەکاربوونی وەک پارێزگار.

١٠ی ئەم مانگە لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە بەغداد کە ٩ ئەندامی ئەنجومەنەکە لە کۆی ١٦ ئەندام ئامادەبوون، ڕێبوار تەها کاندیدی یەکێتی بە پارێزگار هەڵبژێردرا، هەریەکە لە پارتی و تورکمانەکان و بەشێک لە پێکهاتەی عەرەبی بەشدارنەبوون لە کۆبوونەوەکەو هەڵبژاردنەکە بە "نایاسایی" لە قەڵەم دەدەن.

پێنج ئەندامەکەی یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و ئەندامەکەی کرستیان و سێ ئەندامی کوتلەی عەرەبی، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکیان ئەنجام دا. بەشداربووانی کۆبوونەوەکە 9 ئەندام بوون کە نیوە+1ـی ئەنجوومەنەکە دەکات و ڕێژەی یاساییە بۆ هەڵبژاردنی پۆستی پارێزگار، 2 ئەندامی پارتی و 2 ئەندامی تورکمان و 3 ئەندامی پێکهاتەی عەرەبی بەشداریی کۆبوونەوەکەیان نەکرد.

زیاتر لە 7 مانگە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئەنجام دراوە، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی نێوان پێکهاتەکان لەسەر پۆستەکان، بەتایبەت پۆستی پارێزگار، پارێزگاری نوێ هەڵنەدەبژێردرا. یەکێتی و پارتی وەک دوو لایەنی کوردی، ناکۆکن و هەر یەکەیان دابەشی سەر بەرەیەکی جیاواز بوون.

ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک 11ـی مانگی ڕابردوو لەسەر داوای سەرۆکوەزیرانی عێراق یەکەم دانیشتنی ئەنجام دا و ئەمڕۆ کۆتا وادە بوو لەبەردەمیدا بۆ هەڵبژاردنی پارێزگار.

پاش هەڵبژاردنی کاندیدەکەی یەکێتی بە پارێزگاری کەرکووک، بافڵ تاڵەبانی پیرۆزبایی لە "کەرکووکییەکان" کرد و ڕایگەیاند "لە کەرکووک وەکوو مام جەلال سیاسەت دەکەین، پێش کورد ئیش بۆ خوشک و براکانی ترمان دەکەین".

سەرۆکی یەکێتی ڕاستەوخۆ پاش کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بەغداد قسەی بۆ ژمارەیەک لە میدیاکان کرد و وتیشی "کێشەی کەرکووک ئەوەیە کە هەر بە کێشە باس دەکرێت، دەبێت کەرکووک بکەینە نموونەی پێکەوەژیان و دەوڵەمەندی و ئارامی".

"تا دوو ساڵی دیکە لەبری ئەوەی بڵێین کێشەی کەرکووک، دەبێت بڵێین دەمانەوێت پارێزگاکانی دیکەیش وەکوو کەرکووک لێ بکەین"، سەرۆکی یەکێتی وای وت.

لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە چ پەیامێکی بۆ ئەو لایەنانە هەیە کە بەشداریی کۆبوونەوەکەیان نەکرد، بافڵ تاڵەبانی وتی "لەگەڵ خۆیان قسە دەکەم و پەیامی خۆم ڕاستەوخۆ بەو لایەنانە دەدەم، ناتوانم بە میدیای بدەم".