پەرەگراف
حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، ئەمڕۆ یاسای چاكسازیی چووە بواری جێبەجێ كردنەوەو بە ڕۆژێكی مێژوویی ناوی دەبات، هەر ئەمڕۆ چەند بڕیارێكی نوێ دران.
جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دوای كۆبوونەوەی ئەمڕۆی حكومەت لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا وتی، ئەمڕۆ ڕۆژێكی مێژووییە لە بواری پرسی چاكسازیو جێبەجێ كردنی یاساكە پێویستی بە چەندین پەیڕەو هەبووە بۆ جێبەجێكردنیو ئەمڕۆ چووە بواری جێبەجێكردنەوە.
تەوەری یەكەمی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی حكومەت گفتوگۆكان بووە لەگەڵ بەغدا، جوتیار عادل ئەوەی خستە ڕوو، گفتوگۆكان بەردەوام دەبنو لە ئایندەیەكی نزیكدا شاندی حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەكاتەوەو ستراتیژی حكومەتی هەرێم بۆ هەر گفتوگۆیەك لەگەڵ عێراق، لەسەر بناغەی دەستوور دەبێت.
تەوەری دووەمی كۆبوونەوەكەی حكومەت، دامەزراندنی بەڕێوبەرایەتی گشتیی و سندووقی تایبەتی خانەنشینی بووە بۆ ئەوانەی بە پلەی تایبەت خانەنشین كراون، ئەوەش بڕیاری لێ دراوەو ئەو سندووقە دەپارێزرێت و سەرمایەكەی تایبەت دەبێت بەوانەی خانەنشینن بە پلەی تایبەت.
هەروەها سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكانی خانەنشینی، لە یەك بەڕێوبەرایەتی گشتیدا یەكدەخرێن، ئەوەش پەیڕەوی بۆ ئامادە كراوە و هەفتەی داهاتوو ناوەندی یاسایی ئەنجوومەنی وەزیران پێداچوونەوەی كۆتایی بۆ دەكات.
وتەبێژەكەی حكومەت باسی لەوەش كرد، لە تەوەری سێیەمی كۆبوونەوەكەدا، باس لە باجی كۆمپانیاكان كراوە كە پێویستە باج بدەن بە گوێرەی ئەو یاساو ڕێنماییانەی لە هەرێمی كوردستان هەن، بۆئەوەی ئەو پابەندییە یاساییانە لەسەریان جێبەجێ بكرێت، "هەموو كۆمپانیاكان پابەنددەكرێن بە جێبەجێكردنی یاسا و دانەوەی باجەكانیان".
هەروەها حكومەتی هەرێم باسی لە پڕۆژەی هاوبەشیی كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت كردووەو بۆ یەكەمجار لە حكومەتی هەرێم ئەو پڕۆژەیەی پەسەند كردووە، "هاوبەشی لە نێوان كەرتی گشتی و تایبەت دەكرێت بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژە ستراتیژییەكان".
یاسای چاكسازیی
یاساكە چاكسازیی لە مووچە، دەرماڵە، بەخشین، ئیمتیازاتەكان و خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان، بەپێی یاساكە هەركەسێك بە نایاسایی خانەنشین كرابێتو مووچەی بۆ بڕابێتەوە هەڵدەوەشێندرێتەوە، هەركەسێكیش نادادپەروەرانە مووچەی وەرگرتبێت یاخود مووچەو پلەی وەزیفیی زیاتر لە شایستەیی خۆی پێدرابێت، پێداچوونەی پێدا دەكرێتو ڕێكدەخرێتەوە بەپێی یاسا.
بەپێی یاساكە پەرلەمانتارانی سەرجەم خولەكانی پەرلەمانی كوردستان ئارەزوومەندانە دەتوانن دەستبەرداری مووچەی خانەنشینی ببن، بۆئەوەش ماوەی 30 ڕۆژیان لەبەردەمدایە بەڵێننامە پڕبكەنەوەو لە ئەمڕۆوە ئەو وادەیە دەستی پێ كردو چەند پەرلەمانتارێك بەڵێننامەی دەستبەرداربوون لە خانەنشینییان پڕكردەوە.
پڕۆژە یاسای چاكسازیی ناوەڕاستی مانگی 1ی ئەمساڵ بە دەنگی 89 پەرلەمانتار پەسەند كراو بوو بە یاسا، فراكسیۆنەكانی پارتی، یەكێتی و گۆڕان دەنگیان بە كۆی پڕۆژەیاساكە دا و هەرسێ فراكسیۆنی كۆمەڵ، یەكگرتوو و نەوەی نوێ بەر لە دەنگدان بە كۆی پڕۆژەیاساكە، دانیشتنەكەی پەرلەمانیان بایكۆت كرد و دەنگیان پێ نەدا.
ئەوكات خەڵكی كوردستانو ڕایگشتیی زیاتر چاویان لەسەر خانەنشینیی پلە باڵاكان بوو، پێنج پێشنیار لەو بارەیەوە هەبوونو ئەو پێشنیارە پەسەند كرا كە ڕای لیژنە هاوبەشەكانی پەرلەمانی كوردستان بوو، 84 دەنگی بەدەست هێنا.
مووچەی خانەنشینیی پەرلەمانتارو وەزیرو پلە باڵاكانی دیكە، بەو جۆرە جێگیر كرا كە بە لە سەدا 15 لە كۆی مووچەو دەرماڵەی ئەوەی لە كاتی خزمەتدا وەریدەگرن خانەنشین بكرێن، هەروەها ڕێژەی لەسەدا 1.5 دەخرێتەسەر موچەكەیان بۆ هەر ساڵێكی خزمەت، لەبارەی بڕوانامەكانیشیان بۆ بڕوانامەی ئامادەیی سەدا 1، بڕوانامەی دبلۆم سەدا 2، بەكالۆریۆس لە سەدا 4، دبلۆمی باڵاو ماستەر لەسەدا 6، دكتۆرا لە سەدا 8، دەخرێتەسەر موچەی خانەنشینییەكانیان.
بەكۆی گشتی نابێت مووچەی خانەنشینی پلە باڵاكان، زیاتر بێت لە لەسەدا 50ی ئەو مووچەیەی لەكاتی خزمەتو پێش خانەنشین بوون وەریدەگرن.
هەروەها بە مەرجی 15 ساڵ خزمەتو تەمەنی 45 ساڵ خانەنشین دەبن، لە یاساكەدا ئەوەش جێگیر كراوە كە ئەو ئەندامانەی پەرلەمان كە خانەنشین بوون ڕەتدەكەنەوە، دەتوانن لە ماوەی 30 ڕۆژدا فۆرمێكی تایبەت پڕبكەنەوەو وەرگرتنی مووچەی خانەنشینیی ڕەتبكەنەوە.
یاساكە مووچەی خانەنشینی دادوەرانو داواكارانی گشتیی كەمكردەوە كە پێشتر بە لە سەدا سەدی مووچەكانیان خانەنشین دەبن، بەڵام بەپێی ئەوەی ئەمڕۆ پەسەند كرا، نابێ مووچەی خانەنشینییان لەسەدا 70ی مووچەكانیان تێپەڕ بكات.
هەربەپێی یاساكە، خانشینی بەپلەی وەزیرو بریكاری وەزارەت و ڕاوێژكارو بەڕێوەبەری گشتی و هەر پلەیەكی تایبەت بۆ ئەو پێشمەرگانەی لە ڕیزی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازیی كوردستان بوون پێش 5/3/1991 و وەك ڕێزلێنانێك مووچەی خانەنشینییان بەو پلانە پێدراوە، هەڵدەوەشێنەوەو بەپێی یاسا بەركارەكانو شایستەبوونیان مووچەیان پێدەدرێت.
هەروەها هەموو ئەو كەسانەی كە بەشێوەیەكی نایاسایی یان بەپلەی بەرزتر لەپلەی شایستەی خۆیان خانەنشین كراون یان لەسەر بنەمای ئەژماركردنی نایاسایی ساڵانی خزمەت خانەنشین كراون، هەڵدەوەشێنەوە.