دادگای فیدراڵی سكاڵای دژی مەرجەكانی فرەژنیی ڕەت كردەوە؛ دووبارە ‏سكاڵاكە تۆمار دەكرێتەوە

12-08-2024 01:33

پەرەگراف

دادگای فیدراڵیی عێراق سكاڵای سێ‌ پارێزەری كوردی ڕەت كردەوە كە داوای ‏هەڵوەشاندەوەی ماددەیەكی تایبەت بە مەرجەكانی فرەژنییان لە هەرێمی ‏كوردستان كردبوو. ئەو پارێزەرانە دەڵێن "دووبارە سكاڵاكە بەو جۆرەی كە ‏دادگای فیدراڵی قبووڵی دەكات، تۆمار دەكەینەوە".‏

سكاڵاكە لەلایەن پارێزەران (ئاسۆ هاشم، موحسین فەرەج و سەردار ‏ئەحمەد)ـەوە لەسەر (سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان/سەرباری پیشەكەی) ‏تۆمار كراوە.‏

دادگای فیدراڵی لەبارەی ئەنجامی سكاڵاكەوە دەڵێت "دادگا سكاڵاكەی ڕەت ‏كردەوە، لەبەر ئەوەی لە سكاڵاكەدا مەرجەكانی بوونی بەرژەوەندیی ‏پێویست بەدی نەهاتووە".‏

موحسین فەرەج كە یەكێكە لە پارێزەرە سكاڵاكارەكان، بە پەرەگرافی ‏ڕاگەیاند "دادگای فیدراڵی لە ڕووی شكڵییەوە سكاڵاكەی ڕەت كردووەتەوە، ‏لەبەر ئەوەی كەسی زیانمەندبوو لەناو سكاڵاكەدا نەبووە".‏

سكاڵاكاران داوایان لە دادگای فیدراڵی كردووە، ماددەی یەكەمی یاسای ژمارە ‏‏15ـی ساڵی 2008ـی پەرلەمانی كوردستان، بە "نادەستووری" بناسێنێت، ‏كە بریتییە لە هەمواری ماددەیەكی یاسای باری كەسێتیی عێراق.‏

یاسا عێراقییەكە دوو مەرجی بۆ فرەژنی داناوە، كە بریتییە لەوەی ‏‏"پیاوەكە توانای دارایی بۆ بەڕێوەبردنی زیاتر لە ژنێك هەبێت و ‏بەرژەوەندییەكی ڕەوای بۆ هێنانی زیاتر لە ژنێك هەبێت". بەڵام لە ‏یاساكەی هەرێمدا ئەو ماددەیە هەموار كراوە و پێنج مەرج بۆ فرەژنی ‏دانراوە.‏

ئەگەر پیاوێك ژنی دووەم بەبێ ڕەزامەندیی دادوەر و جێبەجێكردنی ‏مەرجەكان بهێنێت، سزا دەدرێت بە زیندانیكردن بۆ ماوەیەك لە شەش ‏مانگ كەمتر و ساڵێك زیاتر نەبێت، بە غەرامەیەكی 10 ملیۆن دیناریش ‏سزا دەدرێت.‏

پارێزەر موحسین فەرەج بۆ پەرەگراف وتی "ئێمە لە ڕۆژانی داهاتوودا ‏هەوڵ دەدەین كەسێك بدۆزینەوە كە بەهۆی ئەو ماددە یاساییەوە ‏زەرەرمەند بووبێت و بەهۆی هێنانی ژنی دووەمەوە سزا درابێت، دەبین بە ‏وەكیلی ئەو كەسە و دووبارە سكاڵاكە لە دادگای فیدراڵی تۆمار دەكەینەوە".‏

پێنج مەرجەكەی ناو یاساكەی هەرێم بریتین لە "1- لەبەردەم دادگا ‏ڕەزامەندیی هاوسەری یەكەم لەسەر ژنهێنانی دووەمی مێردەكەی ‏وەربگیرێت. 2- تووشبوونی ژنەكە بە نەخۆشییەكی درێژخایەنی سەلمێنراو ‏كە ڕێگە لە كاری سەرجێیی ژن و مێردایەتی بگرێت، یاخود نەزۆك بێت. ‏‏3- ئەو پیاوەی ژنی دووەم دەهێنێت، توانای دارایی وای هەبێت كە بەشی ‏زیاتر لە ژنێك بكات. 4- دەبێت مێردەكە لەبەردەم دادگا بەڵێننامەیەك بە ‏نووسین پێشكەش بكات بە بەدیهێنانی یەكسانی و دادپەروەری لە نێوان ‏هەردوو هاوسەرەكەی. 5- نابێ‌ ژنەكە ئەو مەرجەی لە گرێبەستی ‏هاوسەرگیری دانابێ‌ كە هەوێی بەسەر نەیەت".‏

پارێزەر موحسین فەرەج دەڵێت "خەڵكێكی زۆر بەهۆی هێنانی ژنی دووەم ‏و جێبەجێكردنی ئەو ماددە یاساییە بەسەریاندا، زەرەرمەند بوون".‏

لە دوای دەرچوونی ئەو یاسایە لە هەرێمی كوردستان، پیاوانی هەرێم ‏گرێبەستی هاوسەرگیریی دووەم لە دادگاكانی عێراق بە تایبەت كەركووك و ‏خانەقین ئەنجام دەدەن، بەوپێیەی یاسا عێراقییەكە مەرجی ئاسانتری بۆ ‏داناون، بەڵام دوای ئەوەی لە دادگاكانی هەرێم لەلایەن هاوسەری ‏یەكەمیانەوە سكاڵایان لەسەر تۆمار دەكرێت، سزا دەدرێن.‏