مامۆستایانی وانەبێژ هەڕەشەی بایكۆت دەكەن؛ نیگەرانن لە دامەزراندنی مامۆستایەك بە گرێبەست
پەرەگراف
نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ هۆشداری بە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەدەن كە "لە ئەگەری دانەمەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ بۆ پرۆسەی خوێندنی ساڵی داهاتوو، دەرگای بایكۆت كراوەیە". نیگەرانیشن لە "دامەزراندنى مامۆستایەک بە گرێبەست بەشێوەیەکى نایاسایى" و داواى هەڵوەشاندنەوەى دەکەن.
نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ ئەمڕۆ لەبەردەم پەروەردەی گشتیی سلێمانی گردبوونەوە و كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییان ئەنجام دا، تێیدا جەختیان كردەوە كە "دەبێت لە ماوەی یەك مانگی داهاتوودا مامۆستایانی وانەبێژ بكرێن بە گرێبەست".
هەروەها نیگەرانیی خۆیان بەرانبەر "دامەزراندنی دەرچوویەكی زانكۆ بە مامۆستای گرێبەست و مووچەی 500 هەزار دینار، بە بەرچاوی 37 هەزار مامۆستای زانەبێژەوە كە چەند ساڵە چاوەڕوانی دامەزراندنن" دەربڕی و داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارەیان كرد.
نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ ڕایگەیاند "ئەو كەسە بە نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیران و بە واژووی وەزیری پەروەردە و بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی كراوە بە مامۆستای گرێبەست، بەبێ گوێدانە شعوری مامۆستایانی وانەبێژ".
مامۆستایانی وانەبێژ جەختیش لە چارەسەری كێشەی مووچە دەكەنەوە كە تا ئێستا بەردەوامە و هێشتا مووچەی مانگی حەوت دابەش نەكراوە، بە پێچەوانەوە هەڕەشەی دەستپێكردنەوەی بایكۆت لە سەرەتای پرۆسەی خوێندن دەدەن.