توركمان و ڕاکان جبوورى دانیشتنەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ڕەت دەكەنەوە؛ پارتی بێدەنگە
پەرەگراف
هەریەك لە ڕاكان جبووری و بەرەی توركمانی، دانیشتنەكەی شەوی ڕابردووی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بە "نایاسایی" ناو دەبەن و دەڵێن "ڕێكاری یاسایی دەگرینە بەر". ڕاكان جبووری هاوڕێ عەرەبەكانی بە "ناپاكی" تۆمەتبار دەكات و بەرەی توركمانییش دەڵێت "ئەوەی پێی وایە بە دابەشكردنی پۆستەكان كێشەكان چارەسەر دەكات، لە خەیاڵدا دەژی". هەرچی پارتی دیموكراتیشە هێشتا كاردانەوەی بەرانبەر دانیشتنەكە نیشان نەداوە و بێدەنگە.
شەوی ڕابردوو ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بە بەشداریی نۆ ئەندام لە بەغدای پایتەخت كۆبووەوە، تێیدا ڕێبوار تەها، كاندیدی یەكێتی، بە پارێزگاری كەركووك و محەمەد حافز، لە كوتلەی عەرەبی بە سەرۆكی ئەنجوومەن هەڵبژێردران. هاوپەیمانیی عەرەبی و بەرەی توركمانی و پارتی بەشداریی كۆبوونەوەكەیان نەكرد.
ڕاكان جبووری، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە هاوپەیمانیی عەرەبی، لە پەیامێكی ڤیدیۆیدا دەڵێت "ئەو دانیشتنەی كە تێیدا شایستەی خەڵكەكەمان لەلایەن بەشێك لە نوێنەرەكانیەوە دزرا، بە ڕێگەیەكی یاسایی نەكراوە و داواكاریی ئامادەكارییش پێشكەش بە سەرۆكی بەتەمەن نەكراوە، بەڵكو یەك لیست لە ڕۆژی پشوودا داوای كۆبوونەوەی كردووە".
ڕاكان جبووری ڕەخنەی ئەوەش لە دانیشتنەكە دەگرێت كە "شوێنێك بۆ كۆبوونەوە لە دەرەوەی پارێزگاكە دەستنیشان كرا، لە كاتێكدا هیچ ڕێگرییەكی ئەمنی و یاسایی نەبوو كە دانیشتنەكە لە پارێزگای كەركووك بەڕێوە بچێت".
جبووری ڕەخنەكانی زیاتر ئاراستەی ئەو ئەندامە عەرەبانەیە كە بەشداریی كۆبوونەوەكەیان كردووە و دەڵێت "دوو كاژێر پێش كۆبوونەوەكە ڕاگەیەندراوێكی هاوبەشمان بڵاو كردەوە و هەمووان بەڵێنیان دا بێ سازانی هەموو ئەندامان، بەشداریی هیچ كۆبوونەوەیەك نەكەن. بەشداریكردنیان ناپاكییە لە خەڵكەكە و خوێنی شەهیدانیان. هەمووان سەریان سووڕما، كاتێك زانرا ئەوان رێككەوتنی شاراوەیان بێ ئاگاداركردنەوە كردووە".
هەر ئەمڕۆیش بەرەی توركمانی كە خاوەنی دوو كورسیی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكە، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا دانیشتنەكەی شەوی ڕابردووی بە "دژی سازان و پێكەوەژیانی پێكهاتەكانی كەركووك" ناو برد.
حەسەن تۆران، سەرۆكی بەرەی توركمانی، وتی "توركمان پێكهاتەیەكی سەرەكییە لە كەركووك و هیچ لایەنێك نانوانێت پشتگوێی بخات".
"كۆبوونەوەكەی دوێنێ پێشێلكردنی یاسایە و بەتاڵە، دەبێت سەرۆكی تەمەن سەرۆكایەتیی كۆبوونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجوومەن و پارێزگار بكات، بەڵام بانگهێشتی كۆبوونەوەكە نەكراوە. ئەنجامەكانی ڕەت دەكەینەوە و سكاڵا تۆمار دەكەین"، سەرۆكی بەرەی توركمانی وا دەڵێت.
پێنج ئەندامەکەی یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و ئەندامەکەی کرستیان و سێ ئەندامی کوتلەی عەرەبی، شەوى ڕابردوو لە بەغداد کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکیان ئەنجام دا. بەشداربووانی کۆبوونەوەکە 9 ئەندام بوون کە نیوە+1ـی ئەنجوومەنەکە دەکات و ڕێژەی یاساییە بۆ هەڵبژاردنی پۆستی پارێزگار، 2 ئەندامی پارتی و 2 ئەندامی تورکمان و 3 ئەندامی پێکهاتەی عەرەبی بەشداریی کۆبوونەوەکەیان نەکرد.
زیاتر لە 7 مانگە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئەنجام دراوە، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی نێوان پێکهاتەکان لەسەر پۆستەکان، بەتایبەت پۆستی پارێزگار، پارێزگاری نوێ هەڵنەدەبژێردرا. یەکێتی و پارتی وەک دوو لایەنی کوردی، ناکۆکن و هەر یەکەیان دابەشی سەر بەرەیەکی جیاواز بوون.
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک 11ـی مانگی ڕابردوو لەسەر داوای سەرۆکوەزیرانی عێراق یەکەم دانیشتنی ئەنجام دا و ئەمڕۆ کۆتا وادە بوو لەبەردەمیدا بۆ هەڵبژاردنی پارێزگار.
پاش هەڵبژاردنی کاندیدەکەی یەکێتی بە پارێزگاری کەرکووک، بافڵ تاڵەبانی پیرۆزبایی لە "کەرکووکییەکان" کرد و ڕایگەیاند "لە کەرکووک وەکوو مام جەلال سیاسەت دەکەین، پێش کورد ئیش بۆ خوشک و براکانی ترمان دەکەین".
سەرۆکی یەکێتی ڕاستەوخۆ پاش کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بەغداد قسەی بۆ ژمارەیەک لە میدیاکان کرد و وتیشی "کێشەی کەرکووک ئەوەیە کە هەر بە کێشە باس دەکرێت، دەبێت کەرکووک بکەینە نموونەی پێکەوەژیان و دەوڵەمەندی و ئارامی".
"تا دوو ساڵی دیکە لەبری ئەوەی بڵێین کێشەی کەرکووک، دەبێت بڵێین دەمانەوێت پارێزگاکانی دیکەیش وەکوو کەرکووک لێ بکەین"، سەرۆکی یەکێتی وای وت.
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە چ پەیامێکی بۆ ئەو لایەنانە هەیە کە بەشداریی کۆبوونەوەکەیان نەکرد، بافڵ تاڵەبانی وتی "لەگەڵ خۆیان قسە دەکەم و پەیامی خۆم ڕاستەوخۆ بەو لایەنانە دەدەم، ناتوانم بە میدیای بدەم".