شێخ جەعفەر: داعش توانیویەتی تونێل و شوێنی حەوانەوە لە قۆپیی قەرەداغ دروست بكات

10-08-2024 01:47

پەرەگراف

جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەو چەكدارانەی كە دوێنێ‌ لە قەرەداغ تەقەیان لە مەفرەزەكەی ئاسایش كرد، "داعش بوون و دزی شوێنەوار نەبوون". دەشڵێت "چەكدارانی داعش توانیویانە تونێل و شوێنی حەوانەوە لە قۆپیی قەرەداغ بۆ خۆیان دروست بكەن".

ئەمڕۆ 10-8-2024، لە لێدوانێكدا بۆ میدیاكان، جەعفەر شێخ مستەفا جەختی لەوە كردەوە كە ڕووداوەكەی دوێنێ‌ پەیوەندیی بە دزینی شوێنەوارەوە نەبووە و وتی "بە تەئکید ئەو كەسانە داعش بوون و شوێنی مانەوەیان بۆ خۆیان چاك كردبوو، موەلیدەیان هەبووە و دەست بەسەر ئازووقەدا گیراوە، دزى شوێنەوار بەو شێوەیە بۆ کوشتن تەقە ناکات".

جێگری سەرۆكی هەرێم ڕایشیگەیاند كە "داعش توانیویەتی لە ڕێگەی مەفرەزەوە لە زۆربەی ناوچەكان سوود لە بۆشاییەكان وەربگرێت، بە تایبەت ناوچە شاخاوییەكان. قۆپیی قەرەداغیش شاخێكی سەختە و ئاوەدان نییە".

ئێوارەی دوێنێ هەینى 9-8-2024، دەزگای ئاسایشی هەرێم، شەهیدبوونی دوو كارمەندی ئاسایشی لە "ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ژمارەیەك چەکدار" ڕاگەیاند و سەرەتا وتی "ئەو چەکدارانە بۆ دەرهێنان و بردنی پەیكەری (نەرامسین) لە ناوچە شوێنەوارییەكە بوون، ڕووبەڕووی مەفرەزەیەكی ئاسایشی قەرەداغ بوونەتەوە".

دواتر دەزگای ئاسایش لە ڕوونکردنەوەیەکى دیکەدا ڕایگەیاند "پاش گەیشتنی هێزەکانمان بە شوێنی ڕووداوەکە و بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی ورد، بەڵگە و زانیاریی سەرەتایی دەستکەوت لەسەر ڕووداوەکە و دەرکەوت کە کردەوەیەکی تیرۆریستییە و ئەنجامدەرانی سەر بە ڕێکخراوی تیرۆریستیی (داعش)ن".

ڕووداوەكە كاتژمێر 5:00ـی ئێوارە بووە و تێیدا دوو كارمەندەی ئاسایش بە ناوەکانى شەماڵ مەحموود و هونەر تاڵی كە شەهید بوون. هێزە ئەمنییەکان کێوماڵکردنى ناوچەکەیان دەست پێ کردووە و تا ئێستا دەستگیرکردنى هیچ تۆمەتبارێکیان ڕانەکەیاندووە.