دەزگای ئاسایش: ئەنجامدەرانی کردەوە تیرۆریستییەکەی قەرەداغ سەربە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشن

09-08-2024 10:15

پەرەگراف

دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕایگەیاند، ئەنجامدەرانی کردەوە تیرۆریستییەکەی ئەمڕۆی قەرەداغ کە دوو ئاسایشیان شەهید کرد سەربە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشن.

دەزگای ئاسایش لە ڕوونکردنەوەیەکدا دەڵێت "پاش گەیشتنی هێزەکانمان بە شوێنی ڕووداوەکەی ئەمڕۆی ناوچەی( قەرەداغ ) بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی وردکرا بەهەماهەنگی سەرجەم هێزە ئەمنییەکان، بەڵگەو زانیاری سەرەتایی دەستکەوت لەسەر ڕووداوەکە و لە ئەنجامدا دەرکەوت کە کردەوەیەکی تیرۆریستی یە و ئەنجامدەرانی سەربە ڕێکخراوی تیرۆریستی (داعش)ن".

ئێوارەی ئەمڕۆ دەزگای ئاسایشی هەرێم، شەهیدبوونی دوو كارمەندی ئاسایشی لە "ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ژمارەیەك دزی شوێنەوار" ڕاگەیاندو وتی "بۆ دەرهێنان و بردنی پەیكەری (نەرامسین) لە ناوچە شوێنەوارییەكە بوون، ڕووبەڕووی مەفرەزەیەكی ئاسایشی قەرەداغ بوونەتەوە".

هاوکات قوباد تاڵەبانی لە پەیامێکدا لەبارەی شەهیدبوونی دوو كارمەندی ئاسایش لە "ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ژمارەیەك دزی شوێنەوار"، ڕایگەیاند "زۆر دڵگرانین بە شەهیدبوونی دوو کارمەندی هێزەکانی ئاسایش کە لە کاتی بەجێهێنانی ئەرکدا لە ناوچەی قەرەداغ لەلایەن ژمارەیەک چەکداری نەناسراوەوە کراونەتە ئامانج".

جێگری سەرۆکوەزیران، هاوخەمی لەگەڵ کەسوکاری شەهیدکراوان دەردەبڕێت و دەڵێت "لە دوای رووداوەکەوە هێزە ئەمنییەکانمان بە هەموو تواناوە لەهەوڵدان بۆ دەستگیرکردنی تاوانبارەکان و بەردەوامیش دەبن تا ئەو کاتەی ئەم گروپە چەکدارە لە یاسادەرچووەوە رووبەڕووی سزای یاسایی دەکرێنەوە".