قائیمقامی قەرەداغ: تەرمی شەهیدەكانی ئاسایش لە شوێنی ڕووبەڕووبوونەوەكەی قەرەداغ هێنراونەتە خوارەوە
پەرەگراف
قائیمقامی قەرەداغ دەڵێت "هێزە ئەمنییەكان لە كێوماڵكردنی ناوچەكە بەردەوامن بۆ دەستگیركردنی ئەو چەكدارانەی دوو كارمەندەكەی ئاسایشیان شەهید كرد". دەشڵێت "كەمێك لەمەوبەر تەرمی شەهیدەكان لە شوێنی ڕووبەڕووبوونەوەكە كە ناوچەیەكی سەختە، هێنراونەتە خوارەوە".
ئێوارەی ئەمڕۆ دەزگای ئاسایشی هەرێم شەهیدبوونی دوو كارمەندی ئاسایشی لە "ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ژمارەیەك دزی شوێنەوار" ڕاگەیاند، كە هەوڵی دزینی شوێنەواری (پەیكەری نەرامسین)یان داوە.
ڕەئوف شێخ كەمال، قائیمقامی قەزای قەرەداغ، كاتژمێر 8:30 خولەكی ئەمشەو لە لێدوانێكدا بۆ پەرەگراف، ئەو دەنگۆیانەشی ڕەت كردەوە كە باس لە بەردەوامیی ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان ئاسایش و چەكدارەكان دەكەن و جەختی كردەوە كە "تەنیا ئێوارەی ئەمڕۆ ڕووبەڕووبوونەوە هەبووە و دوای ئەوە چەكدارەكان هەڵاتوون".
لە وەڵامی ئەوەی كە ئایا زیان بە شوێنەواری پەیكەری نەرامسین گەیشتووە؟ ڕەئوف شێخ كەمال وتی "هێشتا زانیاریمان لەوبارەیەوە نییە".
ئەو دوو كارمەندەی كە شەهید بوون، ناویان شەماڵ مەحموود و هونەر تاڵیبە. دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان لەبارەی ڕووداوەكەوە ڕایگەیاند، ڕووداوەكە "كاتژمێر 5:00ـی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ" بووە. دەشڵێت "چەند كەسێكی چەكدار كە بۆ دەرهێنان و بردنی پەیكەری (نەرامسین) لە ناوچە شوێنەوارییەكە بوون، ڕووبەڕووی مەفرەزەیەكی ئاسایشی قەرەداغ بوونەتەوە".
دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ڕاگەیاندنی شەهیدبوونی دوو كارمەندی ئاسایش، دەڵێت "هەوڵەكان بەردەوامن بۆ دەستگیركردنی تۆمەتباران و بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە".