پەرەگراف
لە كاتی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ژمارەیەك چەكدار كە هەوڵی دزینی شوێنەواری (پەیكەری نەرامسین)یان داوە، دوو كارمەندی ئاسایشی قەرەداغ شەهید بوون.
ئەو دوو كارمەندە كە ناویان شەماڵ مەحموود و هونەر تاڵیبە، لەناو مەفرەزەیەكی ئاسایشی قەرەداغدا بوون كە ئێوارەی ئەمڕۆ ڕووبەڕووی ژمارەیەك دزی شوێنەوار بوونەتەوە.
دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، ڕووداوەكە "كاتژمێر 5:00ـی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ" بووە. دەشڵێت "چەند كەسێكی چەكدار كە بۆ دەرهێنان و بردنی پەیكەری (نەرامسین) لە ناوچە شوێنەوارییەكە بوون، ڕووبەڕووی مەفرەزەیەكی ئاسایشی قەرەداغ بوونەتەوە".
دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ڕاگەیاندنی شەهیدبوونی دوو كارمەندی ئاسایش، دەڵێت "ئێستا هەوڵەكان بەردەوامن بۆ دەستگیركردنی تۆمەتباران و بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە".