پەرەگراف
لەبارەی قسەكانی قاسم شەشۆوە، بابەشێخی ئێزدیان داوا لە موسڵمانان دەكات كە "ئەگەر شتێك وتراوە، لێی خۆش ببن". جەختیش دەكاتەوە كە "ڕێزگرتن لە پێغەمبەران و ئایینەكانی دیكە، یەكێك لە پیرۆزییەكانی ئێزیدییەكانە".
ئەمڕۆ پێنجشەممە 8-8-2024، شاندێكی ئەنجوومەنی ڕووحانیی ئێزدییان بە سەرپەرشتیی عەلی شێخ ئەلیاس، بابەشێخی ئێزدیان سەردانی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستانی كرد و دواتر كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشیان ئەنجام دا.
بابەشێخی ئێزدیان وتی ''ئێمە لە ئایینی خۆماندا گەلێك شتی پیرۆزمان هەیە، ڕێزگرتن لە ئایینەكانی دیكە یەكێك لەو پیرۆزییانەیە. ڕێز لە هەر پێغەمبەرێكی خودا دەگرین، چونكە ڕێز لە ئایینی خۆمان دەگرین".
سەبارەت بە قسەكانی قاسم شەشۆ، عەلی شێخ ئەلیاس بەبێ ناوهێنان وتی ''مرۆڤێك كە كارەساتی بەسەردا هاتبێت و غەمبار بێت، قسەی هەڵەش دەكات". داوایشی لە موسڵمانان كرد كە لە قسەكانی قاسم شەشۆ خۆش ببن و لێبوردنیان هەبێت، لەبەر ئەوەی "لێبووردنیش یەكێك لە پیرۆزییەكانە".
هەروەها د. عەبدوڵڵا وەیسی، سەرۆكی یەكێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی كوردستان وتی ''هەر هەنگاوێك زیان بە پێكەوەژیان بگەیێنێت و ئایینێك دڵگران بكات، بەتایبەتی ئایینی پیرۆزی ئیسلام، ئێمە هەوڵ دەدەین چارەسەری بكەین و هەنگاو بنێین بۆ ئەوەی دووبارە نەبێتەوە".
د. عەبدوڵڵا وەیسی جەختی لە كردەوە كە "سووكایەتی و بێڕێزیكردن بەرامبەر محەمەد، پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) بەتووندی سەركۆنە دەكەین".
قاسم شەشۆ، فەرماندەی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە شنگال (پارتی)، لە یادی كۆمەڵكوژیی ئێزدییەكان لە 3-8-2024 لە وتارێكدا وتی "هەتا (محەمەد) هەبێت، لەناوبردنی ئێزیدییەكان بەردەوام دەبێت".
دواتر قاسم شەشۆ لە ڕوونكردنەوەیەكدا وتی "من هیچ سووكایەتی و بێڕێزییەكم بە ئیسلام و پێغەمبەرەكەی نەكردووە، بەڵكوو مەبەستم ئەو كەسە توندڕەوانە بووە كە دینی ئیسلامیان ئیستغلال كردووە و چەندین جار جینۆسایدی ئێزدییەكانیان كردووە".
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەیەك سكاڵا لەسەر قاسم شەشۆ تۆمار كراوە و وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینییش لە ڕاگەیەندراوێكدا "بەتوندی" سەركۆنەی كرد.
وەزارەتی ئەوقاف وتیشی "كوردانی ئێزدیدی بەدەستی تیرۆرستانی داعش جینۆساید و ڕەفتاری نامرۆییان بەسەردا ھاتووە، بەڵام ئەم ڕەفتارەی تیرۆرستانی داعش پێچەوانەی پرەنسیپە پیرۆزەكانی ئایینی ئیسلام و ئایینەكانی ترە و ھیچ كات كردەوەی تیرۆرستی و توندڕەوی و خراپەكاری لەسەر ھیچ ئایین و نەتەوەیەكی ھەژمار ناكرێت".