هێلیکۆپتەرەکانی سوپای تورکیا ئاگر بەردەدەن لە باخ و زەوی جوتیارانی گوندی گوهەرزێ لە ئامێدی

07-08-2024 05:20
ئاگربەردان لە باخ و زەوییەکانی گوهەرزێ لەلایەن فڕۆکەی تورکیاوە، 7-8-2024

پەرەگراف

هێلیکۆپتەرەکانی سوپای تورکیا دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ بە نزمیی بەسەر گوندی گوهەرزێ لە ئامێدی فڕین و ئاگریان بەردایە باخ و زەوی جوتیارانی گوندەکە، بەپێی گرتەی ڤیدیۆیی کە لە لایەن خەڵکی گوندەکەوە بۆ پەرەگراف نێردراوە.

هێرش گوهەرزێ، دانیشتوی ئەو گوندە بە پەرەگرافی وت "دوای نیوەرۆی ئەمرۆ چەند فرۆکەیەکی تورکیا زۆر بەنزمی بەسەر ئاسمانی گوند تێپەڕین و ئاگریان بەردایە دەوروبەری گوند".

لە کۆتایی مانگی شەشی ئەمساڵیش بەهۆی بۆردومانی تورکیاوە سەدان داری بەتەمەن لە گوندەکانی گوهەرزێ و بڵاڤە لە قەزای ئامێدی سووتان.

کارڤان گوهەرزێ، دانیشتووی گوندی گوهەرزێ، ئەوکات بە پەرەگرافی وت "بەهۆی بۆردومانی تورکیاوە زیانی زۆر بەر ژینگەی ناوچەکە کەوتووە، ژمارەیەکی زۆر لە داری بەتەمەن سووتاون".

هەر جارێک کە بەهۆی بۆردوومانەکانەوە ئاگر بەردەبێتە ناوچەکە، خەڵکی ناوچەکە بە هەرەوەزی دەیکوژێننەوە.

کارڤان وتیشی "بەهۆی سەختیی شاخەکان و نەبوونی ڕێگا، تیمەکانی بەرگریی شارستانی ناتوانن بچنە ئەو شوێنانە، بۆیە خەڵکی ناوچەکە خۆیان لە ڕێگەی وەسیلەی سادەوە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە دەدەن".

هێرشەكانی توركیا، بە بۆردومانی ئاسمانیشەوە، چەندین ساڵە لە چەندین ناوچەی هەرێمی كوردستان بە تایبەت لە سنوری دهۆك بە پاساوی شەڕی پەكەكە بەردەوامە.

لە شەڕی توركیادا بەرانبەر پەكەكە جگە لە بۆردومانی ئاسمانی، چەندین جۆر چەكی قورس و سوتێنەر بەكاردەهێنرێن، چەندینجار بەهۆیەوە باخ و كشتوكاڵی هاوڵاتیانیش سوتاون.

هاوکات بەشێك لەو گوند و ناوچانەی شەڕیان تێدایە، شوێنەوار لە خۆدەگرن، بە تایبەت كڵێسا و ئەشكەوتی زۆر كۆن، كە بەهۆی بۆردومانەوە زیانیان بەردەكەوێت و خاپور دەبن، لەكاتێكدا مێژوی بەشێكیان بۆ سەردەمی چاخی بەردین و هەزاران ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێنەوە، لەگەڵ شوێنەواری سەردەمی سۆمەری، بابلی، میدی، میتانی، كاردۆخی.

هەربەهۆی شەڕی توركیا و پەكەكەوە، دەیان گوند لە دهۆك چۆڵكراون، نەك هەر لەوێ، بەڵكو لە ناوچەكانی شنگال، مەخمور، سلێمانی، زینی وەرتێ و قەندیلیش بۆردومانەكانی تورکیا زیانی لێكەوتۆتەوە و دەیان هاوڵاتی مەدەنی بەهۆیەوە شەهید و برینداربون.