پەرەگراف
ئەمەریکا لە چوارچێوەی هاوکارییە بەردەوامەکانی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، چەکی قورسی ڕادەستی وەزارەتەکە کرد.
وەزیری پێشمەرگە ئەوەشی خستەڕوو، هێزی پێشمەرگە چاوی لەوەیە ببێتە خاوەنی چەکی تەکنەلۆجیی پێشکەوتوو، ئەوەش بە پشتیوانی و هاوکاریی بەردەوامی هاوپەیمانان، لەسەرو هەمووشیانەوە ئەمەریکا.
"حکوومەتی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە و تەواوی فەرماندەکانی کوردستان، سوپاسی زۆری حکوومەت و وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا دەکەین وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا و حکوومەتی ئەمریکا ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە لە هاوکاریی وەزارەتی پێشمەرگە" شۆڕش ئیسماعیل وای وت.
وەزیری پێشمەرگە سوپاسی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و سوپا سالاری عێراقی کرد، "هەوڵی زۆر و ئاسانکاریی زۆریان کردووە تاوەکو ئەم چەکانە بگاتە هێزی پێشمەرگە، ئەوەش دڵنیاکەرەوەیەکی دەستوورییە، کە هێزەکانی پێشمەرگە بەشێکن لە سیستەمی بەرگری خاکی عێراق و دڵنیاییەکیشە بۆ هێزی پێشمەرگە، کە حکوومەتی فیدراڵ هاوشانی سوپای عێراق هاوکاری پێشمەرگە دەکات".
لەگەڵ بەردەوامیی هاوکارییەکانی ئەمەریکاو هاوپەیمانان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، هاوکات چەندینجار نیگەرانییان دەربڕیوە لە سست بەڕێوەچوونی پڕۆسەی چاکسازیی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەو بەردەوامیی ململانێی حیزبیی پارتی و یەکێتی لەناو ئەو وەزارەتە.
حەوت ساڵە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بە تایبەتی ئەمریكا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و هۆڵەندا، بە پارە و راوێژ و دابینکردنی پێداویستی سەربازیی و هەماهەنگی دیكە، دەیانەوێت سوپایەكی نیشتمانی بۆ هەرێمی كوردستان پێكبهێنن لەڕێی نەهێشتنی هێزی سەر بە پارتی و یەكێتی، ئەوەش لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە.