پەرەگراف
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند "لە هێرشەکەی سەر بنکەی عەین ئەسەد، بەلای کەمەوە پێنج ئەمریکی بریندار بوون". کۆشکی سپی دەڵێت "وەڵامی هێرشەکە دەدەینەوە".
ئاژانسەکە لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە دەڵێت "ئەوە ئاماری سەرەتاییە و یەکێک لە بریندارەکانیش برینەکەی سەختە".
ئەمشەو وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) ڕایگەیاند "هێرشێکی مووشەکی کراوەته سەر بنکەی عەین ئەسەد لە عێراق"، کە هێزەکانی ئەمریکای تێدا جێگیر کراوە.
پێنتاگۆن بەبێ ئەوەی ئامار ئاشکرا بکات، دەڵێت "ژمارەیەک کارمەند و سەربازی ئەمریکی بریندار بوون".
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری دوو سەرچاوەی ئەمنیی عێراقەوە بڵاوی کردەوە کە "دوو مووشەک لە جۆری کاتیۆشا ئاراستەی بنکەی عەین ئەسەد کراون".
لە بارەی هێرشەکەوە زانیاری دراوەته سەرۆکی ئەمریکا و جۆ بایدن خۆی ڕاستەوخۆ لەسەر هێڵە بۆ چاودێریکردنی بارودۆخەکە.
کۆشکی سپی لە یەکەم کاردانەوەیدا ڕایگەیاند "بە شێوازی خۆمان و لە شوێنێک کە خۆمان دیاریی دەکەین"، وەڵامی هێرشی سەر هێزەکانیان دەدەنەوە.
بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنباری ڕۆژئاوای عێراق هێزەکانی ئەمریکای تێدا جێگیر کراوە. دەیان جار لەلایەن گرووپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێرانەوە کراوەتە ئامانج. پاش کوشتنی قاسم سولەیمانیی فەرماندەی فەیلەقی قودس، سوپای پاسدارانی ئێران بۆ تۆڵەسەندنەوە ئەو بنکەیەی کردە ئامانج.