دەستکرا بە داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان لە هەولێر

05-08-2024 04:09

پەرەگراف

فەرمانگەی میدیاو زانیاری حکومەتی هەرێم وێنەی داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکانی لە هەولێر بڵاوکردەوەو دەڵێت: دوای بڕیاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێبەجێکردنی لەلایەن پارێزگای هەولێر، چەندین پاڵاوگە داخران.

فەرمانگەکە دەشڵێت "پرۆسەکە تاکوو داخستنی 138 پاڵاوگەی نایاسایی بەردەوام دەبێت. پاڵاوگە یاساییەکانیش 10 ڕۆژیان هەیە بۆ جێبەجێکردنی ڕێنماییە ژینگەییەکان".

ئەو هەنگاوە دوای ئەوە دێت، دوێنێ پارێزگاری هەولێر حەوت بڕیاری بۆ پاراستنی ژینگەی شارەکە دەركرد و یەكەم بڕیار داخستنی سەرجەم پاڵاوگە نایاساییەكانە كە ژمارەیان 138 پاڵاوگەیە.

ئەمڕۆش وەزارەتی سامانە سروشتییەکان پشتگیری بۆ داخستنی سەرجەم پاڵاوگە نایاساییەکان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند و دەڵێت، تەنها سێ پاڵاوگە مۆڵەتیان هەیە کە کار، لاناز و قەیوانن و بەپێی "مەرج و رێنماییەكانی وەزارەت كار دەكەن".

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا کە بڕیارەكانی ڕاگەیاند، وتی "داوا لە خاوەنی پاڵاوگە نایاساییەكان دەكەین هەر ئەمڕۆ پاڵاوگەكانیان دابخەن، ئەگەر نا ئیجرائاتی دیكەی بەدوادا دێت". داوایشی لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان كرد "چیتر نەوتی ڕەش بەو پاڵاوگانە نەدات".

ئومێد خۆشناو وتیشی "پاڵاوگە یاساییەكان لەمڕۆوە 10 ڕۆژ مۆڵەتیان پێ‌ دەدرێت بۆ ئەوەی تەواوی مەرجە ژینگەییەكان جێبەجێ‌ بكەن، دوای ئەوە ڕووبەڕووی ڕێكاری یاسایی دەكرێنەوە".

هەر لە كۆبوونەوەی دوێنێی پارێزگاری هەولێر و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكانی تایبەت بە ژینگە، بڕیار دراوە كە كارگەكان و موەلیدە ئەهلییەكان بە تەواوی پابەند بكرێن بە مەرجە ژینگەییەكانەوە.

هەروەها بڕیار دراوە، هەر ئۆتۆمبێلێك ژینگە پیس بكات، دەستی بەسەردا دەگیرێت تا خاوەنەكەی بەڵێنی چاككردنەوەی دەدات، دەبێت مەرجەكانی ژینگەپارێزیش لە وێستگەی هەڵمی خەبات جێبەجێ‌ بكرێن.

بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكان، لیژنەیەكی باڵا بە سەرپەرشتیی جێگری پارێزگاری هەولێر و ئەندامێتیی ژمارەیەك لە بەڕێوەبەرە گشتییەكان و قائیمقامەكان و بەڕێوەبەری ناحیەكان و فەرمانگە پەیوەندیدارەكان پێك دەهێنرێت.