پەرەگراف
بەهۆی ئەگەری هەڵكشانی بارگرژییەكانی ناوچەكە، كۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی لوفتهانزای ئەڵمانی گەشتەكانی بۆ فڕۆكەخانەكانی هەولێر و بەغداد ڕاگرت. هاوكات كۆمپانیاكە گەشتەكانی بۆ تەلئەبیب، بەیرووت، تاران و عەمان ڕاگرتووە.
لوفتهانزا كە گەورەترین كۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی ئەڵمانییە، ئەمڕۆ دووشەممە 5-8-2024، ڕایگەیاند "لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنەكان بۆ دۆخی ئێستای ناوچەكە و ئەگەری هەڵكشانی بارگرژییەكان، تا 7-8-2024 گەشتە ئاسمانییەكانی بۆ فڕۆكەخانەكانی عێراق (بە فڕۆكەخانەی هەولێریشەوە)، هەروەها ئوردن ڕادەگرین".
كۆمپانیا ئەڵمانییەكە گەشتە ئاسمانییەكانی بۆ پایتەختەكانی تەلئەبیبی ئیسرائیل، بەیرووتی لوبنان و تارانی ئێرانش ڕادەگرێت، بەڵام بۆ ماوەیەكی درێژتر كە تا 12-8-2024ـە.