پەرەگراف
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان پشتگیری داخستنی سەرجەم پاڵاوگە نایاساییەکان دەکات لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان و دەڵێت، تەنها سێ پاڵاوگە مۆڵەتیان هەیە کە کار، لاناز و قەیوانن و بەپێی "مەرج و رێنماییەكانی وەزارەت كار دەكەن".
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە روونكردنەوەیەكدا دەڵێت، بۆ پاراستنی ژینگە و تەندروستیی هاووڵاتییان پشتگیری لە رێکارەکانی پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان بۆ داخستنی پاڵاوتگەی نایاساییەکان دەکات، "کە بە بێ مۆڵەتی وەزارەت و لە دەرەوەی رێنماییەکان دامەزراون، كە جگە لە هەرسێ پاڵاوتگەی كار و لاناز و قەیوان مۆڵەتمان بە هیچ پاڵاوتگەیەكی دیكە نەداوە، ئەوانیش بەپێی مەرج و رێنماییەكانی وەزارەت كار دەكەن".
وەزارەتەکە ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە پێدانی مۆڵەت بە پاڵاوگەکان لە ڕێگەی وەزارەت و پابەندبوون بە رێنماییەکان دەبێت، یەکێک لەوانە پێوەرەکانی پاراستنی ژینگەیە کە لایەنی ژینگەیی بەشی هەرە گرنگی رێنماییەكانە.
"وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بۆ پاراستنی ژینگەی کوردستان بە نووسراوی فەرمی پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكانی ئاگادار کردووەتەوە پێویستە رێکاری یاسایی بۆ پابەندکردنی موەلیدەكانی كارەبا و بەكارهێنانی گازی كوالێتی باش بە پێی خەسڵەتەكانی پەسەندكراوی وەزارەت بگیرێتە بەر و، بۆ رێگری لە ساخكردنەوەی بەرهەمی نایاسایی و خراپی پاڵاوتگەكانیش داوا لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان کراوە تاقیگە نایاساییەکان دابخەن" سامانە سروشتییەکان وادەڵێت، ئامادەییش پیشاندەدات بۆ هەماهەنگیی و هاوکاریی بۆ داخستنی سەرجەم پاڵاوگە نایاساییەکان.
ئەو ڕوونکردنەوەیەی وەزارەت دوای ئەوە دێت، دوێنێ پارێزگاری هەولێر حەوت بڕیاری بۆ پاراستنی ژینگەی شارەکە دەركرد و یەكەم بڕیار داخستنی سەرجەم پاڵاوگە نایاساییەكانە كە ژمارەیان 138 پاڵاوگەیە.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا بڕیارەكانی ڕاگەیاند و وتیشی "داوا لە خاوەنی پاڵاوگە نایاساییەكان دەكەین هەر ئەمڕۆ پاڵاوگەكانیان دابخەن، ئەگەر نا ئیجرائاتی دیكەی بەدوادا دێت". داوایشی لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان كرد "چیتر نەوتی ڕەش بەو پاڵاوگانە نەدات".
ئومێد خۆشناو وتیشی "پاڵاوگە یاساییەكان لەمڕۆوە 10 ڕۆژ مۆڵەتیان پێ دەدرێت بۆ ئەوەی تەواوی مەرجە ژینگەییەكان جێبەجێ بكەن، دوای ئەوە ڕووبەڕووی ڕێكاری یاسایی دەكرێنەوە".
هەر لە كۆبوونەوەی دوێنێی پارێزگاری هەولێر و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكانی تایبەت بە ژینگە، بڕیار دراوە كە كارگەكان و موەلیدە ئەهلییەكان بە تەواوی پابەند بكرێن بە مەرجە ژینگەییەكانەوە.
هەروەها بڕیار دراوە، هەر ئۆتۆمبێلێك ژینگە پیس بكات، دەستی بەسەردا دەگیرێت تا خاوەنەكەی بەڵێنی چاككردنەوەی دەدات، دەبێت مەرجەكانی ژینگەپارێزیش لە وێستگەی هەڵمی خەبات جێبەجێ بكرێن.
بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكان، لیژنەیەكی باڵا بە سەرپەرشتیی جێگری پارێزگاری هەولێر و ئەندامێتیی ژمارەیەك لە بەڕێوەبەرە گشتییەكان و قائیمقامەكان و بەڕێوەبەری ناحیەكان و فەرمانگە پەیوەندیدارەكان پێك دەهێنرێت.