پەرەگراف
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سکاڵایەکی رەتکردەوە کە تایبەت بوو بە پابەندکردنی حکومەت بە دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا، دادگاکە دەڵێت سکاڵاکە لە تایبەتمەندیی ئەواندا نییە.
ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆی ڕەت کردنەوەی سکاڵاکەی ڕاگەیاند، "لەبەرئەوەی بڕیاردان لەسەر ئەو بابەتە، لە تایبەتمەندیی دادگاکەدا نییە."
سکاڵاکە لەلایەن پەرلەمانتاران باسم خەشان و مستەفا سەنەد لە 26ـی حوزەیرانی ئەم ساڵ لە دژی محەممەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و لەتیف ڕەشید سەرۆککۆمار تۆمار کرابوو.
سکاڵاکاران داوایان لە دادگا کردبوو، مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق بە نایاسایی دابنێت و ئەو هێزانە پابەندبکرێن بە گێڕانەوەی ئەو ناوچە و دامەزراوانەی لە دوای کۆتاییهاتنی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ عێراق بەکاریاندەهێنن، ئەو زیانانەش قەرەبوو بکەنەوە کە لەو ماوەیەدا بەهۆی بوونی ئەو هێزانەوە بەر عێراق کەوتوون.
لە ساڵی 2008، ئەمریکا و عێراق رێککەوتنێکیان بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق واژۆکرد بە جۆرێک کشانەوەی هێزی شەڕکەر لە شار و شارۆچکەکان، لە 30ـی حوزەیرانی 2009 تێنەپەڕێنێت.
داواکاریی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق لەلایەن بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانی شیعە و لایەنە سیاسییەکانیشیان نوێ نییە، بەڵام لە دوای هێرشەکەی حەماس لە رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 بۆ سەر ئیسرائیل و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، زیاتر بووە.
لە دوای هێرشی حەماس بۆسەر ئیسرائیل لە ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو کە دۆخی ناوچەکەی بردە قۆناغێکی دیکەی هەڵکشانی شەڕو توندوتیژیی، لایەنە شیعەکانی نزیک لە ئێران لە پەرلەمانی عێراق فشارەکانیان چڕ کردەوە بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق.
لایەنە شیعەکان داوا دەکەن حکومەت ئەو بڕیارە جێبەجێ بکات کە چوار ساڵە لە پەرلەمان دەرچووەو تایبەتە بە کردنەدەرەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا، بۆ ئەو مەبەستەش لە پەرلەمان زیاتر لە ٥٠ واژۆیان کۆکردەوە.
پەرلەمانتارانی کوردو سوننەکان پشتیوانی ئەو هەنگاوە نین و واژۆیان نەکرد، حکومەتی عێراقیش بە هەڵوێستی ئاشکرا داوای چوونەدەرەوەی هێزە ئەمەرکییەکان دەکات و بەپێی زانیاریی چەند میدیایەکیش بە نهێنی داوای مانەوەی کردووە.