قائیمقامی سلێمانی: كەسێك بە تۆمەتی خستنەوەی یەكێك لە ئاگرەكانی ئەزمەڕ و گۆیژە دەستگیر كرا
پەرەگراف
قائیمقامی سلێمانی دەستگیركردنی كەسێكی بە تۆمەتی خستنەوەی ئاگر لە ئەزمەڕ و گۆیژە ڕاگەیاند. دەشڵێت "هەڵمەتێك بۆ چاككردنەوەی تۆڕی دابەشكردنی ئاو و ئاودانی نەمامەكان دەستی پێ كردووە".
ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی، دەڵێت "ئەو كەسە لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانی سلێمانی بە تۆمەتی یەكێك لە ئاگركەوتنەوەكان"ـی زنجیرە چیاكانی گۆیژە و ئەزمەڕ دەستگیر كراوە و "كەیسەكەی ڕووبەڕووی دادوەر كراوەتەوە".
قائیمقامی سلێمانی زانیاریی زیاتری لەبارەی تۆمەتبارەكەوە نەخستە ڕوو و ڕایگەیاند "دەبێت چاوەڕوانی دادگا بین تا كەیسەكەی یەكلا دەكاتەوە".
ئاوات محەمەد ئاماژەی بەوەش كرد كە "كەوتنەوەی ئەو ژمارەی زۆرەی ئاگر لە ماوەیەكی كەمدا، گومان دروست دەكات كە بە ئەنقەست بن، بۆیە لێكۆڵینەوە لەوبارەیەوە بەردەوامە".
ئێستا هەڵمەتێكی فراوان بۆ "چاككردنەوەی تۆڕی دابەشكردنی ئاوەكان و ئاودانی نەمامەكان و ڕزگاركردنی ئەو دارانەی كە بە تەواوی نەسووتاون" لە گۆیژە و ئەزمەڕ دەستی پێ كردووە، قائیمقامی سلێمانی جەخت دەكاتەوە كە "ئەم ڕووداوانە ساردمان ناكاتەوە و لە سەوزكردنی گۆیژە و ئەزمەڕ بەردەوام دەبین".
سەبارەت بە زیانەكانی ئەو ئاگرانە، ئاوات محەمەد ڕایگەیاند "بەپێی ئەو خەمڵاندنانەی كە كراوە، لە شاخەكانی گۆیژە و ئەزمەڕ زیاتر لە 400 دۆنم دارستان و پووش سووتاوە، زیاتر لە 19 هەزار دار لە تەمەنی جیا جیادا سووتاون".
لە ماوەی چەند ڕۆژێكدا زنجیرەیەك ئاگر لە چیاكانی ئەزمەڕ و گۆیژە كەوتنەوە، زیانمەندترینیان ئەو ئاگرە بوو كە بەرەبەیانی 29-7-2024 كەوتەوە و بەهۆیەوە سەدان دۆنم دارستان و پووش و پاوان سووتان.
ڕەئوف بایز ئاغا، بەڕێوەبەری پرۆژەی دارستانی گۆیژە، ئەوكات وتی "ئاگرەكە لە سەرەوە دروست بووە، لەو ناوچەی كە گەشتیار و خەڵك لێی دادەنیشن و مەقاڵی و نێرگەلە دادەنێن. ڕەشەباش هۆكار بووە بۆ ئەوەی ئاگرەكە زیاتر تەشەنە بكات".
بەڕێوەبەری پرۆژەی دارستانی گۆیژە سەبارەت بە زیانەكان ڕایگەیاند "تەنیا لە یەك پرۆژەدا كە 240 دۆنمە، 23 هەزار نەمامی تەمەن سێ ساڵ سووتاون، كە تۆڕی ئاویشی هەبووە و بە قەترە ئاو دراون".
هەروەها وتی "پرۆژەیەكی دیكە كە 200 دۆنمە و نزیكەی 22 هەزار نەمامی تێدایە، زیاتر لە نیوەی سووتاوە. 30 بۆ 40 دۆنمیش لە بەشی خوارەوە سووتاوە".
هەر بەهۆی ئاگرەكەوە چەندین داری بەتەمەن سووتان كە لە ساڵی 1947 بەدواوە نێژراون و تەمەنیان 70 بۆ 80 ساڵ دەبوو.