پەرەگراف
مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی هاوبەشی كوتلەی عەرەبی و توركمانیی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك و ژمارەیەك پارلەمانتار و سەركردەی سیاسی بە سەرۆكایەتیی خەمیس خەنجەر کرد، گفتوگۆیان کرد لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک و یەکلاکردنەوەی پۆستی پارێزگار.
بارەگای بارزانی دەڵێت "لەو كۆبوونەوەیەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەروەها دۆخی كەركووك و هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی پرسی پێكهێنانی حكوومەتی خۆجێی و هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركووك و دیاریكردنی پۆستە ئیدارییەكانی تری كەركووك ئاڵۆگۆڕ كرا".
"هەر لەو دیدارەدا جەخت لەسەر ئەوە كرایەوە كە پێویستە چارەسەرەكان بە ئاراستەی ڕەچاوكردنی مافی سەرجەم پێكهاتەكانی كەركووك و لە خزمەت پاراستنی سەقامگیری و ئارامیی ئەو شارە و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتیان و بوژانەوەی كەركووك بێت ئەویش لە چوارچێوەی تەوافق و كۆدەنگیی نیشتیمانی" بارەگای بارزانی وادەڵێت.
ئەو کۆبوونەوەیە هاوکاتە لەگەڵ چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ ئەنجامدانی دووەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک و هەڵبژاردنی پارێزگار و پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی.
زیاتر لە ٧ مانگە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ئەنجامدراوە، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی نێوان پێکهاتەکان لەسەر پۆستەکان بەتایبەت پۆستی پارێزگار، هێشتا پارێزگاری نوێ هەڵنەبژێردراوە، یەکێتی و پارتی وەک دوو لایەنی کوردیی ناکۆکن و هەر یەکەیان دابەشی سەر بەرەیەکی جیاواز بوون.
ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک 11ی مانگی ڕابردوو لەسەر داوای سەرۆکوەزیرانی عێراق یەکەم دانیشتنی ئەنجامداو پێویستە لە ماوەی مانگێکدا پارێزگار هەڵبژێرێت، ئەگەر لایەنەکان نەگەنە ڕێککەوتن چاوەڕێ دەکرێت سەرۆکوەزیرانی عێراق کەسێک دیاری بکات بۆ پارێزگاری شارەکە بە وەکالەت.
بۆ یەکلا کردنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک، هەرلایەنێک بتوانێت هاوپەیمانییەکی نیوە+١ی ئەنجومەنەکە پێکبهێنێت پۆستەکە دەباتەوە کە پێویستی بە ٩ دەنگە لە کۆی ١٦ ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا، بەڵام هێشتا هیچ ڕێککەوتنێک نییە.
یەکێتی براوەی یەکەمی حیزبەکان بوو لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، ئەو حیزبە ٥ کورسی لە ئەنجومەنەکە هەیەو لەگەڵ ٢ کورسی پارتی کورد بووەتە زۆرینەی ئەنجومەنەکە، بەڵام لەگەڵئەوەی یەکدەنگ نین، پێکەوەش هێشتا نیوە+١یان نییەو پێویستیان بە دوو دەنگی دیکە هەیە بۆ بردنەوەی پارێزگار.
پێکهاتەی عەرەبی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کە خاوەنی 6 کورسین خۆیان یەکخستووە لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەکداو ئەوانیش چاویان لە بردنەوەی پۆستی پارێزگارە، هاوکات تورکمان دوو کورسی و مەسیحییەکانیش بە کۆتا کورسییەکیان هەیەو کاریگەرییان هەیە لە یەکلاکردنەوەی پۆستی پارێزگار.