پارێزگاری هەولێر: ئەمڕۆ سەرجەم پاڵاوگە نایاساییەكان دادەخرێن

04-08-2024 12:15

پەرەگراف

پارێزگاری هەولێر حەوت بڕیاری بۆ پاراستنی ژینگەی هەولێر دەركرد و لەمڕۆوە جێبەجێ‌ دەكرێن. یەكەم بڕیار داخستنی سەرجەم پاڵاوگە نایاساییەكانە كە ژمارەیان 138 پاڵاوگەیە.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا بڕیارەكانی ڕاگەیاند و وتیشی "داوا لە خاوەنی پاڵاوگە نایاساییەكان دەكەین هەر ئەمڕۆ پاڵاوگەكانیان دابخەن، ئەگەر نا ئیجرائاتی دیكەی بەدوادا دێت". داوایشی لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان كرد "چیتر نەوتی ڕەش بەو پاڵاوگانە نەدات".

ئومێد خۆشناو وتیشی "پاڵاوگە یاساییەكان لەمڕۆوە 10 ڕۆژ مۆڵەتیان پێ‌ دەدرێت بۆ ئەوەی تەواوی مەرجە ژینگەییەكان جێبەجێ‌ بكەن، دوای ئەوە ڕووبەڕووی ڕێكاری یاسایی دەكرێنەوە".

هەر لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارێزگاری هەولێر و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكانی تایبەت بە ژینگە، بڕیار دراوە كە كارگەكان و موەلیدە ئەهلییەكان بە تەواوی پابەند بكرێن بە مەرجە ژینگەییەكانەوە.

هەروەها بڕیار دراوە، هەر ئۆتۆمبێلێك ژینگە پیس بكات، دەستی بەسەردا دەگیرێت تا خاوەنەكەی بەڵێنی چاككردنەوەی دەدات، دەبێت مەرجەكانی ژینگەپارێزیش لە وێستگەی هەڵمی خەبات جێبەجێ‌ بكرێن.

بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكان، لیژنەیەكی باڵا بە سەرپەرشتیی جێگری پارێزگاری هەولێر و ئەندامێتیی ژمارەیەك لە بەڕێوەبەرە گشتییەكان و قائیمقامەكان و بەڕێوەبەری ناحیەكان و فەرمانگە پەیوەندیدارەكان پێك دەهێنرێت.