پەرەگراف
ڕووداوێكی هاتووچۆ لەسەر ڕێگای خەلەكان - دوكان، پێنج قوربانیی لە ڕیزی یەك خێزان لێ كەوتەوە كە ژن و مێردەكە گیانیان لەدەست داوە. شایەتحاڵێك دەڵێت "بەهۆی چاڵێك كە لە ڕێگاكەدا دروست بووە، ئۆتۆمبێلەكە وەرگەڕاوە".
ڕووداوەكە لە كانی وەتمان ڕووی داوە و ئەو خێزانەی بوونەتە قوربانی خەڵكی دهۆكن. بەهۆی نەشارەزایی لە ڕێگاكە، بە خێرایی لە چاڵێكیان داوە كە لە شەقامەكەدا دروست بووە، بەوهۆیەوە شۆفێرەكە كۆنترۆڵی لەدەست داوە و ئۆتۆمبێلەكەی وەرگەڕاوە.
لە ڕووداوەكەدا ژن و مێردەكە گیانیان لەدەست داوە و سێ منداڵیشیان بریندار بوون كە ئێستا باری تەندروستییان جێگیرە.
شایەتحاڵێكی ڕووداوەكە كە خۆی شۆفێرە لەو ڕێگایەدا، دەڵێت "ڕووداوەكە بەهۆی ئەو چاڵ و تاسەیەوە ڕووی داوە كە لە ڕێگاكەدا دروست بووە، ئێمەش ئەگەر شارەزای ڕێگاكە نەبووینایە، ڕەنگە تووشی ڕووداوی هاتووچۆ ببین".