سوپای پاسداران: ئیسماعیل هەنییە بە مووشەكی كورتمەودا كراوەتە ئامانج

03-08-2024 01:31

پەرەگراف

سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، ئیسماعیل هەنییە بە "مووشەكی كورتمەودا" كراوەتە ئامانج. دەشڵێت "هێرشەكە لەلایەن قەوارەی زایۆنی (ئیسرائیل)ـەوە بە پاڵپشتیی ئەمریكا ئەنجام دراوە.

ئەمڕۆ 3-8-2024، سوپای پاسدارانی ئێران سێیەمین ڕاگەیەندراوی دەربارەی هێرشەكەی سەر ئیسماعیل هەنییە، سەرۆكی مەكتەبی سیاسیی حەماس لە تارانی پایتەختی ئێران، بڵاو كردەوە.

سوپای پاسداران لە ڕاگەیەندراوەکەدا دوو خاڵی خستووەتە ڕوو. لە خاڵی یەكەمدا دەڵێت "هێرشەكە بە بەرنامەڕێژی و جێبەجێكردنی ڕژێمی زایۆنی و بە پاڵپشتیی دەوڵەتی تاوانكاری ئەمریكا ئەنجام دراوە".

لە خاڵی دووەمی ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە "بەپێی لێكۆڵینەوەكان، ئەم هێرشە تیرۆریستییە لە ڕێگەی مووشەكێكی كورتمەوداوە كە هەڵگری كڵاوەیەكی حەوت كیلۆگرامی بووە و بووەتە هۆی تەقینەوەیەی بەهێز، ئەنجام دراوە".

هەروەها جەخت كراوەتەوە كە هێرشەكە "لە دەرەوەی ناوچەی نیشتەجێبوونی میوانەكان" ئەنجام دراوە.

سوپای پاسداران جەخت دەكاتەوە كە "تۆڵەسەندنەوەی ئیسماعیل هەنییە حەتمییە" و دەڵێت "ڕژێمی زایۆنی (ئیسرائیل) وەڵامی ئەم تاوانكارییە كە سزایەكی سەختە، لە كات و شوێنی گونجاودا وەردەگرێتەوە".