پەرەگراف
ئەم شەو تەرمی 13 کۆچبەری کورد کە 8ـیان خەڵکی هەرێمی کوردستان و 5ـی دیکەیان خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن، لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەڕێندرانەوە هەرێمی کوردستان.
ئەو کۆچبەرانە ناوەڕاستی مانگی حوزەیران(مانگی 6)ی ئەمساڵ لە ئاوەکانی ئیتاڵیادا بەلەمەکەیان کە دیان کۆچبەری تێدابوو تێکشکا.
ڕێزان حەمەساڵح، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئەمشەو لە فڕۆکەخانەی هەولێر لەکاتی گەڕانەوەی تەرمەکان، ڕایگەیاند: تا ئێستا تەرمی 36 کۆچبەری بەلەمە نقومبووەکەی ئیتاڵیا دۆزراونەتەوەو گەڕانەوەی تەرمی دیکە بەپێی پشکنینی دی ئێن ئەی کەسوکاریان دەبێت و سەرجەم ئەو خێزانانەی کەسوکاریان لەو یەختەدابووەو چارەنوسیان نادیارە، نمونەی دی ئێن ئەییان لێ وەرگیراوەو دراوە بە حکومەتی ئیتاڵیا.
ئەو کۆچبەرانەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن و تەرمەکانیان گەڕێندراوەتەوە، بە هاوکاریی کونسوڵخانەی ئێران لە هەولێر ڕادەستی کەسوکاریان دەکرێنەوە.