پەرەگراف
تەنیا ئەمڕۆ چوار كەس لە هەرێمی كوردستان خنكاون كە دوانیان منداڵ و دوانەكەی دیكە مێردمنداڵن، دوو كەسیش ڕەوانەی نەخۆشخانە كراون. لە ڕووداوێكیاندا پێنج كەس پێكەوە كەوتوونەتە ناو ئاو.
بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سۆران ڕایگەیاند "ئێوارەی ئەمڕۆ لە ناحیەی خەلیفان/ گوندی ساوا، پێنج كەس كەوتوونەتە نێو ئاو. لە ئەنجامدا كچێك بە ناوی (لانە حەمەدەمین سۆف)ـی تەمەن ۱٤ ساڵ، خنكاوە و تەرمەكەی دەرهێنرا".
بەرگریی شارستانیی سۆران دەشڵێت "دوو كەسی تر بە ناوەكانی ئاشنا حەمەدەمین سۆفیی تەمەن ۱۷ ساڵ و سیما حەسەن تەمەن ۱۹ ساڵ، بردران بۆ نەخۆشخانە كە ئاشنا لەژێر چاودێریی چڕی پزیشكیدایە. دوو كەسی تریش بە سەلامەتی ڕزگار كراون".
هەروەها بەرگریی شارستانیی هەولێر ڕایگەیاند "ئەمڕۆ دوو منداڵ خنكاون. ڕووداوی یەكەم لە قەزای خەبات بووە، كە بەھۆی بەركەوتنی بەلەمێكەوە منداڵێك زامدار بووە و دواتر خنكاوە، كە هێشتا تەرمەكەی نەدۆزراوەتەوە. ڕووداوی دووەم خنكانی منداڵێك بووە لە شێخ توڕاب، كە تەرمەكەی دۆزراوەتەوە".
هەروەها بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی كوردستان خنكانی مێردمنداڵێكی لە ئاوی گوندی گۆپتەپەی سنووری قەزای چەمچەماڵ ڕاگەیاند و دەڵێت "تەرمەكەی دەرهێنراوەتەوە".