پەرەگراف
نێچیرڤان بارزانی لە تاران لەگەڵ مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران کۆبووەوە و دەڵێت: چاوم لەوەیە پێکەوە کاربکەین بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران.
سەرۆکی هەرێم لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی "خۆشحاڵم بە بینینی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونی لە نووسینگەکەی".
ئەو کۆبوونەوەیە دوای چەند کاتژمێرێک دێت لە کوژرانی ئیسماعیل هەنییە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماسی فەلەستین لە تاران کە ترسی تەشەنەسەندنی شەڕو گرژییەکانی لە ناوچەکە زیاتر کردووە.
بزوتنەوەی حەماس و ئێران ڕاستەخۆی ئیسرائیل بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبار دەکەن.
هەنییە بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمی دەستبەکاربوونی مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری نوێی ئێران لە تاران بوو، هێشتا بە فەرمی وردەکاریی چۆنیەتی کوژرانی هەنییە ئاشکرا نەکراوە، ئێران هەڕەشەی وەڵامدانەوەی تووند و تۆڵەکردنەوە لە ئیسرائیل دەکات.