باوكی گەنجەكەی چەمچەماڵ: پێنج مانگ و نیوە ئاسایش كوڕەكەمیان كوشتووە و دادگا هیچم بۆ ناكات
پەرەگراف
باوكی ئەو گەنجەی چەمچەماڵ كە لە ناوەڕاستی مانگی شوباتی ئەمساڵ لەلایەن مەفرەزەیەكی ئاسایشەوە كوژرا، دەڵێت "تا ئێستا دادگا هیچ ئیشێكی لەسەر كەیسەكە نەكردووە و دوای پێنج مانگ و نیو هێشتا نازانم كوڕەكەم لەسەر چی كوژراوە".
عیسا عەلی، گەنجێكی تەمەن 19 ساڵی خەڵكی چەمچەماڵ بوو، شەوی 15-2-2024، لەلایەن مەفرەزەیەكی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانییەوە (ئاسایشی چەمچەماڵ) كوژرا.
باوكی ئەو گەنجە ئەمڕۆ بۆ میدیاكان وتی "ئەگەر یاسا هەیە، با بۆ هەموان بێت. پۆلیس دەڵێت داوایان كردووە ئەو مەفرەزەیەی كوڕەكەمیان كوشتووە، دەستگیر بكرێن، بەڵام تا ئێستا ئاسایش ئەو مەفرەزەیە ڕادەست ناكات".
سەبارەت بە تۆمەتباركردنی كوڕەكەی بەوەی كە "ڕووبەڕووی ئاسایش بووەتەوە"، باوكی ئەو گەنجە دەڵێت "ئاسایش كامێراكانی ئەو شوێنەیان هەڵگرتووەتەوە كە كوڕەكەمیان لێ كوشتووە، یەك ڤیدیۆم نیشان بدەن كە كوڕەكەم تەقەی لە ئاسایش كردبێت، دەڵێم گەردنتان ئازاد بێت كوڕی منتان كوشتووە".