كۆمیسیۆن بۆ دەنگدەرانی هەرێم: كارتی دەنگدانەكانتان وەربگرنەوە

30-07-2024 12:13

پەرەگراف

كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاند "بەپێی كۆتا داتا، دوو ملیۆن و 899 هەزار و 574 دەنگدەری هەرێم تۆماری بایۆمەترییان ئەنجام داوە و كارتی دەنگدانیان بۆ دروست كراوە". داوا لەو دەنگدەرانەیش دەكات كە تا ئێستا كارتی دەنگدانیان وەرنەگرتووەتەوە، سەردانی بنكەكانی كۆمیسیۆن بكەن بۆ وەرگرتنەوەی.

جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "كۆی ژمارەی دەنگدەرانی گشتی، دوو ملیۆن و 683 هەزار و 618 كەسە، هەروەها ژمارەی دەنگدەرانی تایبەت 215 هەزار و 960 كەسە".

سەبارەت بە ژمارەی ناوەند و بنكەكانی دەنگدان، جومانە غەلای ڕایگەیاند "بۆ دەنگدانی گشتی لە هەر چوار بازنەكە، هەزار و 266 بنكەی دەنگدان هەن و شەش هەزار و 318 وێستگەی دەنگدان لەخۆ دەگرن، كە لەسەر بنەمای یەك وێستگە بۆ 450 دەنگدەر دابەش كراوە".

بۆ دەنگدانی تایبەتیش "165 بنكەی دەنگدان هەن و 749 وێستگەی دەنگدان لەخۆ دەگرن، كە لەسەر بنەمای یەك وێستگە بۆ 300 دەنگدەر دابەش كراوە".

وتەبێژی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەڵێت "ژمارەیەك كارتی دەنگدان ماوەن كە وەرنەگیراونەتەوە، داوا لە دەنگدەرانی هەرێمی كوردستان دەكەین كە سەردانی نزیكترین بنكەی تۆماری بایۆمەتری بكەن بۆ وەرگرتنەوەی".

كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە ئامادەكارییەكانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەردەوامە و 20ـی ئەم مانگە ڕایگەیاند "وردبینی لە ناوی كاندیدەكان دەستی پێ‌ كردووە و لە نیوەی یەكەمی مانگی ئابیشدا تیروپشك بۆ ژمارەی لیستی حیزب و كاندیدەكان دەكرێت".

جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "بە كۆی گشتی 139 لیست هەن، كە لە 13 حیزب، دوو هاوپەیمانی و 124 كاندیدی تاكەكەسی پێكهاتوون".

لەناو كاندیدە سەربەخۆكان، 19یان مەسیحین، حەوت لە هەولێر و هەشت لە دهۆك و چوار لە سلێمانی. هەروەها 20 كاندیدی توركمان هەن، 14یان لە هەولێر و شەش لە سلێمانی. 85 كاندیدیش بە سەربەخۆ خۆیان كاندید كردووە.

جومانە غەلای ڕایگەیاند "لیژنەیەكی تایبەتی كۆمیسیۆن سەرقاڵی وردبینی و لێكۆڵینەوەن لە شیاویی كاندیدەكان، دوای ئەوەی لیست و كاندیدەكان پەسەند كران، تیروپشك بۆ ژماری لیستی حیزب و كاندیدە تاكەكەسییەكان دەكرێت".

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ڕۆژی 20-10-2024ـی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاری كردووە، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و لایەنە سیاسییەكان پێشوازییان لە دیاریكردنی ڕۆژەكە كردووە و ئامادەن بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەكە.

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەبوو لە مانگی 10ـی 2022 بەڕێوە بچێت، سەرباری و ‏فشاری ناوخۆیی و ‏دەرەكی بۆ ئەنجامدانی، بەڵام بەهۆی ناكۆكیی لایەنەكان لەسەر یاسای ‏هەڵبژاردن ‏بە تایبەت پارتی و یەكێتی لەسەر كورسیی پێكهاتەكان، پڕۆسەكە ئەنجام نەدرا و پەرلەمان ساڵێك تەمەنی خۆی درێژكردەوە، دواتر دادگای فیدراڵیی عێراق درێژكردنەوەكەی بە "نادەستووری" لەقەڵەم دا و پەرلەمانی كوردستانی هەڵوەشاندەوە و هەرێم كەوتە بۆشایی دەسەڵاتی یاسادانان و حكومەت بوو بە كاربەڕێكەر.

بەپێی دابەشكاریی نوێ، پەرلەمانی كوردستان لە 100 كورسی پێك دێت و پێنج كورسی بۆ پێكهاتەكان تەرخان كراوە، هەڵبژاردنیش بە سیستەمی چوار بازنەیی بەڕێوە دەچێت.

پێنج كورسییەكەی پێكهاتەكان بەسەر ‏سێ‌ پارێزگادا دابەش كراون، سێ‌ كورسی لە هەولێر و سلێمانی و دهۆك بۆ ‏پێكهاتەی مەسیحی تەرخان كراوە، دوو كورسیش لە هەولێر و سلێمانی بۆ ‏پێكهاتەی توركمان.‏

كورسییەكانی پەرلەمان بەم جۆرە بەسەر پارێزگاكاندا دابەش ‏كراون: پارێزگای هەولێر 34 كورسی كە دوو كورسییان بۆ پێكهاتەكانە، ‏پارێزگای سلێمانی 38 كورسی كە دوو كورسییان بۆ پێكهاتەكانە، پارێزگای ‏دهۆك 25 كورسی كە یەك كورسیی بۆ پێكهاتەكانە، پارێزگای هەڵەبجەیش ‏سێ‌ كورسی.

هەڵبژاردنەكە تا ئێستا چوار جار دوا خراوە، سەرەتا سەرۆكی هەرێم ڕۆژی ‏‏1-10-2022ـی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دیاری كرد، بەڵام لەو ڕۆژەدا نەكرا و سەرەڕای ‏سێ جاری دیكەش ‏دیاریكردنی ڕۆژی هەڵبژاردن لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە (18-11-2023 و 25-2-2024 و 10-6-2024)، بەڵام لەو سێ ڕێكەوتەشدا نەكرا.

‏لە ماوەی سێ دەیە حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان و لە دوای یەكەم هەڵبژاردنەوە لە 19-5-1992، ‏هیچ پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان لە وادەی یاسایی و دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوە ‏نەچووە.