پەرەگراف
پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاریداوە کاندیدی بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک هەبێت کە کێبڕکێی تووندی نێوان پێکهاتەکانی شارەکەی لەسەرەو یەکێتیش سوورە لەسەر بەدەستهێنانی، مەسعود بارزانی ناوی کاندیدی حیزبەکەی یەکلایی دەکاتەوە.
بەرپرسێکی باڵای پارتی بە پەرەگرافی وت "بڕیارمانداوە بە فەرمیی کاندیدمان بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک دەبێت و سەرۆک بارزانی ناوی کاندیدەکە یەکلای دەکاتەوە".
بە وتەی ئەو بەرپرسەی پارتی، ئەو حیزبە لە گفتوگۆی بەردەوامدایە لەگەڵ پێکهاتەکانی عەرەب و تورکمان بە مەبەستی مسۆگەرکردنی دەنگی ٩ ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کە پێویستە بۆ هەڵبژاردنی پارێزگار.
"گفتوگۆکان بە ئاڕاستەیەکی باش دەڕۆن و لێکتێگەیشتن هەیە کە پۆستی پارێزگار بەشێوەی خولیی بێت و هەر ماوەیەک لای پێکهاتەیەک بێت و سەرەتا لای ئێمە بێت، ئومێد دەکەین لە چەند ڕۆژی ئایندەدا بگەینە ڕێککەوتنی کۆتایی و پرسەکە یەکلایی بکرێتەوە" بەرپرسە باڵاکەی پارتی وای وت.
لە وەڵامی ئەوەی گفتوگۆیان لەگەڵ یەکێتی هەیە لەسەر ئەوپرسە ؟ ئەو بەرپرسەی پارتی وتی "لەسەر ئاستی لق و مەڵبەند لە کەرکوک گفتوگۆ هەیەو پەیوەندیی نەپچڕاوە، بەڵام گفتوگۆکان لە ئاستی یەکلایکردنەوەی پۆستی پارێزگاردانین و هەرلایەک بەجیا سەرقاڵی گفتوگۆ و ڕێککەوتنە لەگەڵ پێکهاتەکانی عەرەب و تورکمان".
زیاتر لە ٧ مانگە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ئەنجامدراوە، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی نێوان پێکهاتەکان لەسەر پۆستەکان بەتایبەت پۆستی پارێزگار، هێشتا پارێزگاری نوێ هەڵنەبژێردراوە، یەکێتی و پارتی وەک دوو لایەنی کوردیی ناکۆکن و هەر یەکەیان دابەشی سەر بەرەیەکی جیاواز بوون.
ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک 11ی ئەم مانگە لەسەر داوای سەرۆکوەزیرانی عێراق یەکەم دانیشتنی ئەنجامداو پێویستە لە ماوەی مانگێکدا پارێزگار هەڵبژێرێت، ئەگەر لایەنەکان نەگەنە ڕێککەوتن چاوەڕێ دەکرێت سەرۆکوەزیرانی عێراق کەسێک دیاری بکات بۆ پارێزگاری شارەکە بە وەکالەت.
بۆ یەکلا کردنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک، هەرلایەنێک بتوانێت هاوپەیمانییەکی نیوە+١ی ئەنجومەنەکە پێکبهێنێت پۆستەکە دەباتەوە کە پێویستی بە ٩ دەنگە لە کۆی ١٦ ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا، بەڵام هێشتا هیچ ڕێککەوتنێک نییە.
یەکێتی براوەی یەکەمی حیزبەکان بوو لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، ئەو حیزبە ٥ کورسی لە ئەنجومەنەکە هەیەو لەگەڵ ٢ کورسی پارتی کورد بووەتە زۆرینەی ئەنجومەنەکە، بەڵام لەگەڵئەوەی یەکدەنگ نین، پێکەوەش هێشتا نیوە+١یان نییەو پێویستیان بە دوو دەنگی دیکە هەیە بۆ بردنەوەی پارێزگار.
پێکهاتەی عەرەبی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کە خاوەنی 6 کورسین خۆیان یەکخستووە لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەکداو ئەوانیش چاویان لە بردنەوەی پۆستی پارێزگارە، هاوکات تورکمان دوو کورسی و مەسیحییەکانیش بە کۆتا کورسییەکیان هەیەو کاریگەرییان هەیە لە یەکلاکردنەوەی پۆستی پارێزگار.