ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد بە سێ ساڵ زیندانیکردن سزا درا

29-07-2024 12:05

 پەرەگراف

دادگای دهۆک ئەمڕۆ لە دانیشتنێکدا سزای سێ ساڵ زیندانیکردنی بەسەر ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد سەپاند.

رەمەزان ئەرتیسی، لە دەستەی پارێزەرانی دۆسیەی رۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد بە پەرەگرافی وت "ئەمڕۆ رۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد دادگایی کرا، بەپێی ماددەی 1 لەیاسای ژمارەی 21ی ساڵی2003پەرلەمانی کوردستان بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بە سێ ساڵ زیندانیکردن سزا درا".

ئەو پارێزەرەی دۆسیەکە وتیشی "بە هەموو شێوەیەک بڕیارەکە ڕەت دەکەینەوەو دەست بە ئامادەکاری دەکەین بۆ تەمیزکردنی".

سلێمان ئەحمەد كە وەكو هەواڵساز لە بەشی عەرەبی لە دەزگای ڕۆژنیوز كار دەكات، لە 25ـی تشرینی یەكەمی 2023ـدا لە كاتی گەڕانەوەی لە ڕۆژئاوای كوردستانەوە بۆ هەرێمی كوردستان، لە دەروازەی فیشخابوور (سێمێلكا) لەلایەن هێزێكی ئەمنییەوە دەستگیر كرا.

مانگی ئایاری ئەمساڵ دوای زیاتر لە شەش مانگ دەستگیركردنی، پارێزەران توانییان لە ئاسایشی گشتیی دهۆك ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد ببینن و بریكارنامە و پەنجەمۆر بۆ وەرگرتنی دۆسیەكەی وەربگرن.

بەشدار حەسەن، ئەندامی تیمی پارێزەرانی دۆسیەكەی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد، ئەوکات بە پەرەگرافـی وت "خۆشبەختانە هیچ تاوانێكی گەورەی لەسەر نییە، تا ئەم ساتەش بەڵگەیەكی ئەوتۆی لەسەر نییە. لە كاتی دەستگیركردنی ئاسایش، چەند پرسیارێكی گشتییان لێ كردووە، وەكوو ئەوەی: لە چ شوێنێك ئیش دەكەیت؟ بۆ چ شوێنێك ڕۆیشتووی؟ كێت بینیوە؟ چەند ساڵە لە ڕاگەیاندن ئیش دەكەیت و شوێنی نیشتەجێبوونت لەكوێیە؟".