پەرەگراف
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی كوردستان، تێوەگلانی ئەندامانی هێزە ئەمنییەكان لە تاوانی "كوشتن و دەستدرێژی بۆ سەر هاووڵاتیان" بە "ئاماژەیەكی خراپ" ناو دەبات و دەڵێت "ناكرێت هێزە ئەمنییەكان خۆیان بەشێك بن لە تاوانەكان".
دەستەكە لە پەیامێكدا دەڵێت "ماوەیەكە چەند حاڵەتێكی كوشتن و شەڕ و تەقە و دەستدرێژی بۆ سەر هاووڵاتیان لە شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان ڕوویان داوە، ئەوەی جێگەی نیگەرانی و دڵتەنگیی ئێمەیە، لە بەشێك لەو حاڵەتانە ئەندامانی هێزە ئەمنییەكان بەشدار بوون و تۆمەتبارن".
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ دەشڵێت "ئەمە ئاماژەیەكی خراپە، چونكە ئەركی بنەڕەتیی هێزە ئەمنییەكان بریتییە لە پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتیان، ناكرێت خۆیان بەشێك بن لە تاوانەكان، ناكرێت ئەوان شوێن و ئەركی خۆیان بۆ ئەنجامدانی تاوان و هەڕەشە و كوشتن و لێدان بەكار بهێنن".
دەستەی مافی مرۆڤ ئاماژەی بە دوو ڕووداوی كوشتن لە ماوەی ڕابردوودا كردووە، ڕووداوی یەكەم كوشتنی مێرمنداڵێك بوو لە گەڕەكی ڕاپەڕینی شاری سلێمانی لەلایەن ئەندامێكی هێزەكانی كۆماندۆوە، ڕووداوی دووەمیش كوشتنی ئاریی چایچی بوو لە شەوی ڕابردوو لە هەمان ناوچە كە دەستەكە دەڵێت "ئەمجارەش ئەندامێكی هەمان هێز تۆمەتبارە بە كوشتن". دەشڵێت "هەردوو حاڵەتەكە جێگەی پرسیارە كە بە چەكی فەڕمی ئەنجام دراون".
دەستەكە داوا دەكات ئەندامانی دەزگا ئەمنییەكان باشتر ڕابهێنرێن و ئاگادار بكرێنەوە كە "بە هیچ شێوەیەك بۆیان نییە دوای دەوامی فەرمی چەك بەكار بهێنن و نابێ بەشێك بن لە حاڵەتەكانی تاوان".