پەرەگراف
دادگای فیدراڵی عێراق سکاڵایەکی سروە عەبدولواحیدی لە دژی مەسرور بارزانی ڕەت کردەوە کە داوای هەڵوەشانەوەی حکومەتی هەرێمی کردبوو، دەڵێت "لە تایبەتمەندێتی دادگا نییە".
دادگای فیدڕاڵی ئەمڕۆ بڕیاری لە سکاڵایەکدا کە سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق لە دژی سەرۆکی حکومەتی هەرێم تۆماری کردبوو.
سروە عەبدولواحید داوای لە دادگا کردبوو بڕیارەکانی حکومەت و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵبوەشێنێتەوە، "ئەگەر لەماوەی سێ مانگدا هەڵبژاردن نەکرێت".
دادگای فیدراڵی دەڵێت ئەو سکاڵایە "لە تایبەتمەندێتیی دادگای فیدراڵی نییە".
سکاڵاکەی سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە مانگی ئایاری ئەم ساڵ تۆمارکراوە، پێش دیاریکردنی دواین وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە 20ـی ئۆکتۆبەرە.
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەبوو لە مانگی 10ـی 2022 بەڕێوەبچێت، سەرباری و فشاری ناوخۆیی و دەرەكی بۆ ئەنجامدانی، بەڵام بەهۆی ناكۆكیی لایەنەكان لەسەر یاسای هەڵبژاردن بە تایبەت پارتی و یەکێتی لەسەر كورسیی پێكهاتەكان، پڕۆسەكە ئەنجام نەدراو پەرلەمان ساڵێک تەمەنی خۆی درێژکردەوە دواتر دادگای فیدراڵیی عێراق درێژکردنەوەکەی بە "نادەستووریی" لە قەڵەم داو پەرلەمانی کوردستانی هەڵوەشاندەوەو هەرێم کەوتە بۆشایی دەسەڵاتی یاسادانان و حکومەت بوو بە کاربەڕێکەر.
پەرلەمانی کوردستان لە ١٠٠ کورسیی پێکدێت و پێنج كورسی بۆ پێكهاتەكان تەرخان کراوە، هەڵبژاردنەکە بە سیستەمی چوار بازنەیی بەڕێوەدەچێت.
پێنج كورسییەکەی پێكهاتەكان بەسەر سێ پارێزگادا دابەش كراون، سێ كورسی لە هەولێرو سلێمانی و دهۆك بۆ پێكهاتەی مەسیحی تەرخان كراوە، دوو كورسیش لە هەولێر و سلێمانی بۆ پێكهاتەی توركمان.
كورسییەكانی پەرلەمان بەم جۆرە دابەش كراون بەسەر پارێزگاکاندا؛ پارێزگای هەولێر 34 كورسی كە دوو كورسییان بۆ پێكهاتەكانە، پارێزگای سلێمانی 38 كورسی كە دوو كورسییان بۆ پێكهاتەكانە، پارێزگای دهۆك 25 كورسی كە یەك كورسیی بۆ پێكهاتەكانە، پارێزگای هەڵەبجەیش سێ كورسی.
هەڵبژاردنەکە تا ئێستا چوار جار دواخراوە، سەرەتا سەرۆكی هەرێم ڕۆژی ١-١٠-٢٠٢٢ی دیاریكرد بۆ هەڵبژاردن، بەڵام لەو ڕۆژەدا نەكراو سەرەڕای سێ جاری دیكەش دیاریكردنی ڕۆژی هەڵبژاردن لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە (١٨-١١-٢٠٢٣ و ٢٥-٢-٢٠٢٤ و 10-6-2024) بەڵام لەو سێ ڕێکەوتەشدا نەکرا.
لە ماوەی سێ دەیە حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان و لە دوای یەكەم هەڵبژاردنەوە لە ١٩-٥-١٩٩٢، هیچ پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان لە وادەی یاسایی و دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوە نەچووە.