حکومەتی هەرێم: ئاگاداربن دوو ساختەکار بەناوی ئێمەوە داوای پارەو کارتی مۆبایلتان لێدەکەن
پەرەگراف
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێم خەڵک ئاگادار دەکاتەوە کە دوو کەسی ساختەکار لە مەسنجەری فەیسبووکەوە بە ناوی حکومەتەوە داوای پارەو کارتی مۆبایل لە خەڵک دەکەن.
"ماوەیەکە کەسێك بە هەر دوو ناوی ساختەی (تارا کەریم ئاغا - Tara Kareem Agha) و (سۆزان شێخ کەمال بەرزنجی- Sozan Shex Kamal Barznje) لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، بەتایبەتی مەسنجەری فەیسبووک، بە شێوەیەکی ساختەکارانە، بە ناوی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، داوای پارە و کارتی مۆبایل لە خەڵک دەکات" فەرمانگەی میدیا و زانیاری وادەڵێت.
فەرمانگەکە دەشڵێت "بۆ ئاگاداریی هەموو لایەک، ئەم کەسە ساختەکارە، دوور و نزیک هیچ پەیوەندییەكی بە ئەنجومەنی وەزیرانەوە نییە و لایەنە دادوەری و ئەمنییە پەیوەندیدارەکانیش ئاگادار کراونەتەوە کە ڕێکاری یاسایی لە دژی ئەم کەسە بگرنە بەر و بە دڵنیاییشەوە ئەم ساختەکارە، دواجار باجی کارە نایاسایی و ساختەکارییەکانی دەدات و بە سزای یاساییی خۆی دەگات".