گروپێکی حەشدی شەعبی ئازاد کران کە بە ماددەی تیرۆرو بە تۆمەتی هێرشکردنەسەر کێڵگەی کۆرمۆر دەستگیر کرابوون

27-07-2024 07:17
ئازادکردنی عەلی جەعفەرو گەڕانەوەی بۆلای هاوڕێ و کەسوکاری

پەرەگراف

گروپێگی سەر بە حەشدی شەعبی(حەشدی تورکمانی) کە بە ماددەی تیرۆرو بە تۆمەتی هێرش کردنەسەر کێڵگەی گازیی کۆرمۆر دەستگیرکرابوون، دوای مانگ و نیوێک لە دەستگیرکردنیان لەلایەن دادگاوە ئازاد کران، سەرچاوەیەک دەڵێت "ئازادکردنیان بە فشاری سیاسیی بووەو جۆرێکە لە ڕێککەوتنی حکومەتی عێراق لەگەڵ حەشد".

بەپێی بڕیاری دادگای ڕەسافە لە بەغداد کە دەست پەرەگراف کەوتووەو ٢٣-٧-٢٠٢٤ دەرچووە، هەریەکە لە تۆمەتباران (موحسین سەلمان مەجید، عەلی جەعفەر مستەفا شەهبار، محەمەد هاشم کازم ئیبراهیم و عەباس جاسم محەمەد عەلی) ئازاد کران.

دادگا لە بڕیارەکەیدا دەڵێت، بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست دژی ئەو تۆمەتبارانە دادگا بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو تۆمەتەی ئاڕاستەیان کراوە بەپێی ماددەکانی ٤ و ٢ لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ژمارە ١٣ی ٢٠٠٥، "دادگا بڕیاریدا بە ئازادکردنیان لە ڕووداوی بە ئامانجگرتنی کێڵگەی کۆرمۆر لە سلێمانی لە ساڵی ٢٠٢٤دا".

بڕیارەکەی دادگا

هاوکات سەرچاوەیەکی ئاگادار بە پەرەگرافی وت "لەدوای هێرشە درۆنییەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر کە ٤ کەسی تێدا کوژرا، ئەم چوار کەسەو ٧ کەسی دیکە لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوەی ورد فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرکرا، لە ناوەڕاستی مانگی ٦ی ئەمساڵ هەر ١١یان دەستگیر کران کە دوانیان کوردن  و کوردەکان هێشتا ئازاد نەکراون".

کۆرمۆر گەورەترین کێڵگەی گازیی هەرێمی کوردستانە، کێڵگەکە لە دوو ساڵی ڕابردوودا چەند جارێک بە مووشەک و درۆن ھێرشی کراوەتەسەرو ھێشتا بە فەرمیی بەرپرسیاران و ھۆکاری ئەو ھێرشانە ئاشکرا نەکراون، دواینیان ڕۆژی 26-4-2024 بوو کە بە دوو درۆن هێرش كرایە سەر كێڵگەکەو بەهۆیەوە چوار كەس گیانیان لەدەست ‏دا کە یەمەنی بوون.‏

ئەو هێرشە کاردانەوەی فراوانی حکومەتی هەرێم و عێراق لێکەوتەوەو داواکرا لێکۆڵینەوەی جددی ئەنجام بدرێت و ئەنجامدەرانی هێرشەکە ئاشکرا بکرێن و ڕوبەڕوی یاسا بکرێنەوە، ئەمەریكاش بە توندی سەركۆنەی هێرشەكەی سەر كێڵگەی كۆرمۆری کردو بە "تیرۆریستی" لەقەڵەمیدا.

"ئەو گروپەی دەستگیرکران چوار کەسیان سەرەکی بوون، ئەو چوارکەسەن کە دادگا بڕیاری ئازادکردنی دەرکردوون خەڵکی داقوق و دوزخورماتوون. عەلی جەعفەر سەرپەرشتیی گروپێکی چەکدار دەکات لە ٨٠ بۆ ١٠٠ چەکدار پێکدێن و لە ئێستادا سەربە حەشدی شەعبییە لە حیزبوڵای عێراق و یاریدەدەری ئامرلیوای ٦٣ی حەشدە" بە وتەی سەرچاوەکەی پەرەگراف.

سەرچاوەکەی پەرەگراف دەشڵێت "بەپێی زانیارییەکان ڕێککەوتن کراوە لەگەڵ حەشدی شەعبی کە لە بەرامبەر ئازادکردنی عەلی جەعفەردا میحوەری باکوری حەشدی شەعبیی کە زۆرینەی رەهایان تورکمانن هەڵبوەشێتەوە. هیچ کەسێک بە ماددەی ٤ی تیرۆر دەستگیرکرابێت بەو ماوە کورتە ئازاد ناکرێت، ناوەڕاستی مانگی شەش دەستگیرکراون و لە ٢٣-٧ بڕیاری ئازادکردنیان دراوە".

لیژنەی لێکۆڵینەوەی عێراقیی لە ڕاپۆرتێکدا بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق گروپەکانی سەربە حەشدی شەعبییان لە داقوق و دوزخورماتوو تۆمەتبار کردووە بە هێرشکردنەسەر کێڵگەی کۆرمۆر "لە دەرەوەی فەرمانی سەرووی خۆیان لە هێزەکانی حەشد، لە بەرامبەر پارە بۆ شوێنی دیکە ئەو کارانەیان کردووە".

"میحوەری باکوری حەشد لە ٣ لیوا(لیواکانی ٦٣ و ٥٢ و ١٦) و ٣ فەوج (فەوجی ئامرلی و مغاویرو داقوق) پێکدێن فەرماندەی میحوەرەکە ناوی ئەبوڕەزا نەجاڕەو لە داقوق، دوزخورماتوو، ئامرلی، بەلەدو تازەخورماتوو "دەسەڵاتی سەرەکییان هەیەو لە سەرووی سوپاو پۆلیسەوەن".

سەرچاوەکەی پەرەگراف وتیشی "بڕیارە میحوەری باکوری حەشدی شەعبی هەڵبوەشێتەوەو لیواو فەوجەکان دابەش بکرێن بەسەر میحوەرەکانی دیکەی حەشدی شەعبیداو ڕۆڵی زیاتر بە سوپاو پۆلیس بدرێت لەو ناوچانە".

کۆرمۆر گازی سرووشتی بۆ وێستگەكانی كارەبا لە هەولێر‌، چەمچەماڵ و بازیان دابیندەكات كە لە سەرچاوە سەرەكییەكانی بەرھەمھێنانی كارەبان، لەگەڵ دابینكردنی غازی ماڵان. كۆمپانیای دانەگازی ئیماراتی کار لە کێڵگەی کۆرمۆر دەکات و  250 ملیۆن دۆلار قەرزی لە دەزگای دارایی پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی ئەمەریكا وەرگرتووە بۆ فراوانكردن و بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی گاز لە كێڵگەکە.

عێراق چاوی لە گازی کۆرمۆرە تا پشتی پێ ببەستێت و پێویستی بە گازی ئێران نەمێنێت بەهۆی سزاکانی ئەمەریکا لەسەر ئێران، هاوکات تورکیا کە پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ پارتی هەیە بە تایبەت لە پرسی نەوت و گازدا، چاوی لە گازی ئەو کێڵگەیەو ئەو دۆسیەیە بەشێک بوو لە کۆبوونەوەی سەرەتای ساڵی ڕابردووی نێوان نێچیرڤان بارزانی و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە ئەنقەرە.