پەرەگراف
بەیانیی ئەمڕۆ لە دوو شوێنەوە تەقە لە بارەگای لقی پارتی لە کەرکوک کرا، ڕووداوەکە زیانی نەبووەو وەڵامی تەقەکەرەکان دراوەتەوە، مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دەڵێت "ئامانجی تەقەکەرەکان گرتنی خاڵێکی پاسەوانی بارەگاکە بووە، کە یەکەمجار تەقە لەوێ کراوە و دواتر بێنە نێو لقەوە و کردەوەی تیرۆریستی بکەن".
هاوکات محەمەد کەمال بەرپرسی لقی سێی پارتی لە کەرکوک ڕایگەیاند، پێشتر زانیارییان هەبووە کە هێرش دەکرێتەسەر لقی پارتی، هەربۆیە هێزەکانی پۆلیس و پێشمەرگەکانی پاسەوانی لقیان ئاگادار کردووەتەوەو ئامادەباشییان وەرگرتووە، "وەڵامی تەقەکەرەکان دراوەتەوەو ڕایان کردووە".
کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی بەرپرسی لقی پارتی لە کەرکوک لەبارەی ڕووداوەکە
مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتی، لەبارەی ڕووداوەکەوە لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت "لە دوو شوێنی جیاوازەوە بە قەناس و دەستڕێژ، تەقە لە بارەگاکەمان کراوە و پاسەوانەکانی بارەگای لق وەڵامیان داونەتەوە".
"ئامانجی تەقەکەرەکان گرتنی خاڵێکی پاسەوانی بارەگاکە بووە، کە یەکەمجار تەقە لەوێ کراوە و دواتر بێنە نێو لقەوە و کردەوەی تیرۆریستی بکەن، ڕووداوەکە هیچ زیانی گیانی نەبووە، بەڵام پێشهاتێکی خراپە و پێویستە لێکۆڵینەوەی ورد لە بابەتەکە بکرێت. بە توندی سەرکۆنەی ئەم هێرشە نەزۆکانە و ترسنۆکانەیە دەکەین، ئەگەر لە ژێر هەر ناو و پەردەیەکی شاراوەدا بێت، پێویستە دەستبەجێ تاوانباران دەستگیر بکرێن و ڕاپێچی دادگە بکرێن و بە سزای یاسایی خۆیان بگەیەنرێن" مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتی وادەڵێت.