سودانی جەخت لە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک دەکات بە بەشداریی سەرجەم پێکهاتەکان

25-07-2024 11:17
کۆبوونەوەی سودانی لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە پێکهاتەی عەرەب

 

پەرەگراف

محەمەد شیاع سودانی لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە پێکهاتەی عەرەب كۆبووەوەو جەخت دەکاتەوە هیچ پێکهاتەیەک پەراوێز نەخرێت لە ئیدارەی پارێزگاکە.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عێراق دەڵێت، کۆبوونەوەی سوودانی لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە پێكهاتەی عەرەب، "لە چوارچێوەی بەدواداچون بۆ هەوڵی هێزە نیشتمانییەکانە بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوك و هەنگاونان بەرەو پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی".

سودانی جەختی لە بایەخی تەواوكردنی پێكهێنانی حكومەتی خوجێی سازانی نێوان پێكهاتەكانی پارێزگاكە کردووە بە زامنكردنی بەشداریی چالاكانەی هەمووان و پەراوێزنەخستنی هیچ پێكهاتەیەك لە دروستكردنی بڕیار.

 

ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک 7 مانگە هەڵبژێردراوە، 11ی ئەم مانگە لەسەر داوای سەرۆکوەزیرانی عێراق یەکەم دانیشتنی ئەنجامداو پێویستە لە ماوەی مانگێکدا پارێزگار هەڵبژێرێت.

بۆ یەکلا کردنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک، هەرلایەنێک بتوانێت هاوپەیمانییەکی نیوە+١ی ئەنجومەنەکە پێکبهێنێت پۆستەکە دەباتەوە کە پێویستی بە ٩ دەنگە لە کۆی ١٦ ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا، بەڵام هێشتا هیچ ڕێککەوتنێک نییە.

یەکێتی براوەی یەکەمی حیزبەکان بوو لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، ئەو حیزبە ٥ کورسی لە ئەنجومەنەکە هەیەو لەگەڵ ٢ کورسی پارتی کورد بووەتە زۆرینەی ئەنجومەنەکە، بەڵام لەگەڵئەوەی یەکدەنگ نین، پێکەوەش هێشتا نیوە+١یان نییەو پێویستیان بە دوو دەنگی دیکە هەیە بۆ بردنەوەی پارێزگار.

پێکهاتەی عەرەبی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کە خاوەنی 6 کورسین خۆیان یەکخستووە لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەکداو ئەوانیش چاویان لە بردنەوەی پۆستی پارێزگارە، هاوکات تورکمان دوو کورسی و مەسیحییەکانیش بە کۆتا کورسییەکیان هەیەو کاریگەرییان هەیە لە یەکلاکردنەوەی پۆستی پارێزگار.