دادگای فیدراڵی 7 سکاڵای پێکهاتەکانی ڕەت کردەوە تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
پەرەگراف
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ئەمڕۆ 7 سكاڵای رەتكردەوە كە لەلایەن ژمارەیەك بەرپرس و كەسایەتیی مەسیحی و توركمان لەسەر كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و یاسای هەڵبژاردن تۆمار کرابوون تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و کورسیی پێکهاتەکان.
سکاڵاکاران زۆرینەیان داوایان لە دادگاکە کردبوو بۆ 5 کورسییەکەی کۆتای پێکهاتەکان هەڵبژاردنەکە بە شێوەی یەک بازنەیی بەڕێوەبچێت و دابەش نەکرێن بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردندا.
شەش سکاڵاکار داوایان لە دادگا كرد ماددەی 2ی رێنمایی (سیستەمی تۆماركردن و پەسەندكردنی كاندیدەكان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان) كە لەلایەن كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەوە دەرچووە بە نادەستوریی لەقەڵەم بدات، سكاڵایەکی دیکەش داوای کردبوو ماددەی 1ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان كوردستان بە نادەستوری دابنێت.
ماددەی 2ی رێنمایی تۆماركردن و پەسەندكردنی كاندیدەكان كە زۆرترین سكاڵای لەسەر كرابوو، باس لە تەرخانكردنی 5 كورسی دەکات بۆ پێکهاتەکان بە شێوەی کۆتا لە کۆی 100 کورسیی پەرلەمانی کوردستان کە دابەش دەکرێن بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردندا.
هاوکات بەشێک لە سکاڵاکارە مەسیحییەکان داوایان کردبوو کورسیی تەرخانکراو بۆ ئەوان کە 3 کورسییە زیادبکرێت بۆ 5 کورسیی.
دادگای فیدراڵی سەرجەم سکاڵاکانی ڕەت کردەوە بە پاساوی ئەوەی ئەو بابەتانە بەگوێرەی حوكمی ژمارە (126/فیدراڵی/ 2024) لە رۆژی 21ی ئایاری ئەمساڵدا یەكلاكراونەتەوە، واتا دادگا جەختی لەسەر حوكمی پێشووی خۆی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كردوەتەوە.
بە بڕیاری دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن، پێنج کورسیی کۆتا گەڕێندرایەوە بۆ پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان لە چوارچێوەی 100 کورسییەکەی پەرلەماندا.
پێنج کورسییەکەی پێکهاتەکان؛ لە سلێمانى کورسییەک بۆ تورکمان و کورسییەک بۆ کریستیان، لە هەولێر کورسییەک بۆ تورکمان و کورسییەک بۆ کریستیان هەروەها لە دهۆک کورسییەکی کریستیان بۆ ئەرمەنەکان تەرخان دەکرێت.