پەرەگراف
بە بڕیاری وەزیری دارایی هەرێم کێشەی مووچەی دوو مانگی خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی (٧٠)ی پێشمەرگە چارەسەر کرا.
خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی ٧٠ی پێشمەرگە، ژمارەیان زیاتر لە ٩ هەزار کەسەو مووچەی مانگانەیان نزیکەی ٤ ملیار دینارە.
ئەو خانەنشینانە تائێستا نەخراونەتەسەر بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی لە وەزارەتی دارایی هەرێم و دۆسیەیان نییە، هەربۆیە کێشە بۆ مووچەکانیان درووست بوو، ئەمڕۆ بۆ چارەسەری کێشە نوێنەرانی خانەنشینان سەردانی وەزیری داراییان کرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دارایی، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی هەرێم بۆ نوێنەرانی خانەنشینانی ڕونکردووەتەوە؛ بە پێی یاسای چاکسازی و ڕاپۆرتی تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی نابێت هیچ خانەنشینێک لە دەرەوەی بەڕێوبەرایەتی گشتی خانەنشینی وەزارەتی دارایی مووچە وەربگرێت، بەڵام ئەو خانەنشینانەی هێزەکانی یەکەی ٧٠ تا ئێستا هیچ داتاو زانیاری و دۆسیەیەکیان لە بەڕێوبەرایەتی گشتی ژمێرکاری و بەڕێوبەرایەتی گشتی خانەنشینی وەزارەتی دارایی و ئابوری نییەو لە وەزارەتی دارایی عێراق و وەزارەتی دارایی هەرێمی کوررستانیش هیچ تەرخانکراوێکی داراییان بۆ نەکراوە.
وەزیری دارایی دەڵێت "وەزارەتی دارایی بەرپرسیار نییە لە دواکەوتن و نەدانی مووچەکانیان بەڵکوو پێویستە فەرماندەی هێزەکانی یەکەی ٧٠ کاربکات بۆ ئەوەی بەزوترین کات دۆسیەکانیان بگوازرێتەوە سەر بەڕێوبەرایەتی گشتی خانەنشین لە وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان.
هاوشێوەی مانگەکانی تر، وەزیری دارایی فەرمانی کرد بە خەرجکردنی مووچەی مانگی ئایارو حوزەیرانی خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی ٧٠ بەشێوەی سلفە تا کێشەکەیان بە یەکجاری چارەسەر دەکرێت.