لیژنەی گواستنەوە و گەیاندنی پەرلەمانی عێراق: توركیا سزای سیاسیی بەسەر فڕۆكەخانەی سلێمانیدا سەپاندووە

21-07-2024 03:24

پەرەگراف

لیژنەی گواستنەوە و گەیاندنی پەرلەمانی عێراق تۆمەتەكانی توركیا دژی فڕۆكەخانەی سلێمانی ڕەت دەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت "كردنە ئامانجی فڕۆكەخانەكە، سزای سیاسییە".

لیژنەكە ڕۆژی 2-7-2024 سەردانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانیی كرد، بۆ بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە لەو تۆمەتانەی كە توركیا دەیداتە پاڵ فڕۆكەخانەكە.

لیژنەكە ئەمڕۆ 21-7-2024، لە ڕاگەیەندراوێكدا ئەنجامی سەردانەكەی خستە ڕوو و دەڵێت "لیژنەكەمان لە سەردانی مەیدانی و ئەو بەدواداچوونانەی لە سەرەتای كێشەكەوە كردوویەتی، بۆی دەركەوت فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی كە خاوەنی موڵەتی ژمارە دووە لە دەستەڵاتی فڕۆكەوانیی مەدەنی دوای فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد، هیچ كێشەیەكی ئیداری، هونەری، ئەمنی، خزمەتگوزاریی نییە و بەمانجگرتنی فڕۆكەخانەكە سزای سیاسییە".

لیژنەكە داواش دەكات پەرلەمانی عێراق "هەنگاوی كرداریی جیددیی" بۆ كۆتاییهێنان بە سزاكانی سەر فڕۆكەخانەكە بنێت و دەڵێت "سزاكان زیانی گەورەیان لە فڕوكەخانەكە داوە و بارگرانیی زۆریشی بۆ هاووڵاتیان و ئابووریی سلێمانی دروست كردووە".

لە 3-4-2023ـوە تورکیا ئاسمانی وڵاتەکەى بە ڕووی گەشتە ئاسمانییەکانى فڕۆکەخانەى سلیضمانیدا داخستووە و چەند جارێکیش ماوەى سزادانەکەى درێژ کردووەتەوە.

ئەوکات وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە ڕاگەیەندراوێکدا وتى، ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەكانی توركیا بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، "لە چوارچێوەی هەوڵەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی پارتی كرێكارانی كوردستانە".

بە وتەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، "چالاکییەکانی پەکەکە لە سلێمانی زیادیان کردووە و دزەیان کردووەتە ناو فڕۆکەخانە، ئەوەش هەڕەشە لە ئاسایشی فڕۆکەوانی دەکات".

 

بەڵام بەرپرسانى ئیداریى سلێمانى و یەکێتیش ئەو تۆمەتانەیان ڕەت کردووەتەوە و چەند جارێکیش داواى لێکۆڵینەوەیان لەبارەى تۆمەتەکانى سەر فڕۆکەخانەکەوە کردووە.