دڵشاد عومەر: زەوییەکى پەروەردە دراوە بە وەبەرهێنەرێك، بڕیارەکە هەڵنەوەشێتەوە دەست لەکار دەکێشمەوە

21-07-2024 12:57

پەرەگراف

بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی لەسەر دۆسیەی پێدانی زەویی ئامادەیی كشتوكاڵ لە بەكرەجۆ بە كۆمپانیایەك، هەڕەشەی دەستلەكاركێشانەوە دەكات. دڵشاد عومەر دەڵێت "واسیتەی زۆر بۆ وەرگرتنی ئەو پارچە زەوییە كراوە و (بارەگای بارزانی)یشی تێكەوتووە، سەرۆكی حكومەتیش بە نووسراوی نهێنی زەوییەكەی بە وەبەرهێنەرەکە داوە".

ئەو پارچە زەوییە 54 ساڵ لەمەوبەر و لە سەردەمی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی شۆڕشی عێراق، لەسەر پەروەردە تاپۆ كراوە، بەڵام ئێستا دراوە بە كۆمپانیای بەڕێز بۆ دروستكردنی پرۆژەیەكی نیشتەجێبوون بە ناوی ئاسوودە.

دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی، لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ میدیای بزووتنەوەی گۆڕان، دەڵێت "بەبێ ڕەزامەندیی ئێمە، زەویی بینای ئامادەیی بەكرەجۆ كە 182 دۆنمە، لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیران و نووسینگەی سەرۆكی حكومەتەوە بە نووسراوێكی نهێنی كە ئاراستەی وەزارەتی كشتوكاڵ كراوە، دراوە بە وەبەرهێنەرێك".

بە قسەی دڵشاد عومەر، بۆ وەرگرتنی زەوییەكە "واستەی زۆر" كراوە، بە جۆرێك كە گەیشتووەتە ئاستێك "بارەگای بارزانی"یشی تێ كەوتووە.

بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی جەخت دەكاتەوە كە "ئەگەر تا 20-8-2024، فەرمانی پێدانی زەوییەكە بەو وەبەرهێنەرە هەڵنەوەشێتەوە، دەست لەكار دەكێشمەوە و پۆستەكەم جێ دەهێڵم".

پارچە زەوییەكەی ئامادەیی كشتوكاڵ لە بەكرەجۆ، لە 18-7-1970بە بڕیاری ئەحمەد حەسەن بەكر، سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی شۆڕش، لەسەر پەروەردە تاپۆ كراوە، بەڵام مانگی ڕابردوو بە فەرمانێكی ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر كۆمپانیای بەڕێز تاپۆ كرا.

هەروەها بە نووسراوێكی دەستەی وەبەرهێنان كە واژووی د. محەمەد شوكری، سەرۆكی دەستەكەی لەسەرە، پشتڕاستی دەكاتەوە كە ئەو پارچە زەوییە دراوە بە كۆمپانیای بەڕێز.

كۆمپانیاكە دەیەوێت ئەو زەوییە بكات بە پرۆژەی نیشتەجێبوون، ئەوەش نیگەرانیی بەرپرسانی پەروەردەی لێ‌ كەوتووەتەوە و داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكە دەكەن، بۆ ئەو مەبەستەش لە دەستەی دەستپاكی سكاڵایان تۆمار كردووە.

لە مانگی چواری ئەمساڵ، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی ڕایگەیاند، وەبەرهێنەرێك دەیەوێت 182 دۆنم زەویی ئامادەیی كشتوكاڵی بەكرەجۆ بكاتە شوێنی نیشتەجێبوون، بەڵام ئەوان ڕەتیان كردووەتەوە.

دڵشاد عومەر وتیشی "دڵنیام ئەو وەبەرهێنەرە پشت‌ و پەنای هەیە". ڕایشیگەیاند "ئەگەر ئەو زەوییە بدرێت بە وەبەرهێنەر و كۆمپانیای ئەهلی و پرۆژەی ئەهلیی تێدا دروست بكرێت، دەست لەكار دەكێشمەوە".

پەروەردەی سلێمانی پلانی هەیە زەوییەكە بكات بە كۆمەڵگەیەكی پیشەیی بۆ خزمەتی خوێندكاران، هەروەها دیزاینی پرۆژەكەشیان تەواو كردووە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە تا ئێستا نەتوانراوە پرۆژەكە جێبەجێ‌ بكرێت.