کارەبای عێراق بە تورکیاو ئەوروپاوە بەسترایەوەو بەشێکی پڕۆژەکە دەکەوێتە هەرێمی کوردستان
پەرەگراف
کارەبای عێراق بە تورکیاو ئەوروپاوە بەسترایەوەو بەشێکی پڕۆژەکە بە هەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕێت، لە ڕێی ئەو پڕۆژەیەوە تورکیا ٣٠٠ مێگاوات کارەبا دەدات بە عێراق.
ئەمڕۆ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، پڕۆژەی بەستنەوەی کارەبای عێراقی بە تورکیاوە کردەوە کە ٢٠ ساڵە دواکەوتووەو دەبوو لە ٢٠٠٤دا بکرایە.
پڕۆژەکە بریتییە لە دامەزراندنی وێستگەی (کەسک-ی ٤٠٠ کەیڤی) لە قەزای تەلەعفەر لە نەینەوا کە بە کێبڵ بە درێژایی ١١٥ کیلۆمەتر بە تورکیاوە دەبەسترێتەوە کە بەشێکی زۆری لە پارێزگای نەینەوایەو بەشێکیشی بە پارێزگای دهۆکدا تێدەپەڕێت.
نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، لەڕێی پڕۆژەکەوە 300 مێگاوات کارەبا لە تورکیاوە دەگاتە وێستگەکە بۆ ئەوەی بدرێت بە پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین و کەرکوک لەو کاتانەی کە بارگرانی بۆ تۆڕی کارەبای عێراق دروست دەبێت.
محەمەد شیاع سوودانی کە لە ڕێگەی پەیوەندیی ڤیدیۆییەوە پڕۆژەکەی کردەوە، وتی، پڕۆژەکە لە ساڵی 2004ـەوە راگیرابوو، لە نەوەدەکانیشەوە پلانی بۆ دانرابوو. ئەمڕۆ بە هەوڵی عێراقییە خۆشەویستەکان بەجێگەیەندرا بە کاری بەردەوام و هەماهەنگیی لەگەڵ وەزارەتی وزەی تورکیا.