وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی مووچەی ئەم مانگەی ڕادەستی بەغداد کرد

21-07-2024 09:22

 پەرەگراف

وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایگەیاند، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لیستی مووچەی مانگی تەمووزی سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆران و دەزگا ئەمنی و سەربازیەکان لەلایەن تیمی هونەری وەزارەتەوە ڕادەستی بەڕێوبەرایەتی گشتی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کرا.

وەزارەتی دارایی دەشڵێت "لیستی مووچەی خانەنشینان بەهاوتاکراوی بەپێی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو ڕەوانە کراوە".

حكومەتی هەرێم 10 ساڵە بە یاسایەكی هەڵوەشێنراوە موچەی خانەنشینی خەرجدەكات، كە ماف و ئیمتیازاتەكانی نیوەی یاسای نوێی خانەنشینی عێراقە.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە کۆبوونەوەی ٣ی ئەم مانگەیدا بڕیاری دا بە یەکخستنی یاسای خانەنشینی لەسەرتاسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە لە پێناوی بەرژەوەندی خانەنشینانی هەرێم و هاوتاکردنی مووچەکانیان لەگەڵ هاوەڵەکانیان لە حکومەتی فیدڕاڵ.

ڕۆژی 23-11-2022، دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری دا لە دۆسیەی سكاڵای ‏خانەنشینان لە دژی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەت و ئاوات شێخ جەناب، ‏وەزیری دارایی ھەرێم‎.‎

دادگای فیدراڵی بڕیاری دا بە نادەستووریبوونی كاركردنی دەسەڵاتی هەرێم بە ‏یاسای خانەنشینیی ژمارە ٢٧ی ساڵی ٢٠٠٦ی هەڵوەشاوە، ھەروەھا پابەندكردنی ‏دەسەڵاتی هەرێم بە كاركردن بە یاسای خانەنشینیی یەكگرتوی عێراق ژمارە ٩ی ‏ساڵی ٢٠١٤ی هەمواركراو لە هەرێمی كوردستان‎.‎

د. یوسف محەمەد، سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان كە لە نزیكەوە ئاگاداری ‏دۆسیەكە بوو، بڕیارەكەی بە "سەركەوتنێكی گەورە" ناو برد‎.‎

یوسف محەمەد وتی، جێبەجێكردنی یاسای خانەنشینیی بەركاری ئێستای عێراق ‏لە بەرژەوەندیی خانەنشینانە، "بۆ نمونە لانی كەمی مووچەی خانەنشینی لە ‏یاسای ژمارە ٩ی ٢٠١٤ی هەمواركراوی بەركار لە عێراق (٥٠٠٠٠٠ پێنجسەد ‏هەزار) دینارە، بەڵام لە یاسای ژمارە ٢٧یساڵی ٢٠٠٦ی هەڵوەشاوە و ‏رێنماییەكانی هەرێم (٢٢٠٠٠٠ دوسەد و بیست هەزار) دینارە.‏

وەكو یوسف محەمەد وتی، ئەمە جگە لە دادپەروەرییەكی زیاتر لە مووچەی ‏خانەنشینی لە نێوان بەرزترین مووچە و كەمترین مووچە، ڕەچاو كردنی ‏بڕوانامە سەرەڕای ساڵانی خزمەت، ڕەچاوكردنی ڕێژەی گرانبوونی باری بژێوی ‏لەسەر ئاستی عێراق، پێدانی ١٢ مانگ مووچەی تەواو بە دەرماڵەوە وەكوو ‏پاداشتی كۆتایی خزمەت بۆ ئەوانەی ٢٥ ساڵ و زیاتر خزمەتیان هەیە و چەندین ‏جیاوازیی تر.‏

لە هەرێمی كوردستان نزیكەی 250 هەزار خانەنشین هەن؛ لەو ژمارەیە بەشێكیان سەربازین و گومان لەسەر بەشێكیشیان هەیە كە وەهمی و نایاسایی بن.