وتەبێژی كۆمیسیۆن: 139 لیست تۆمار كراون و وردبینی لە ناوی كاندیدەكان دەستی پێ‌ كردووە

20-07-2024 06:41

پەرەگراف

وتەبێژی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاند "وردبینی لە ناوی كاندیدەكان دەستی پێ‌ كردووە و لە نیوەی یەكەمی مانگی ئابیشدا تیروپشك بۆ ژمارەی لیستی حیزب و كاندیدەكان دەكرێت". دەشڵێت "139 لیست و كاندید خۆیان تۆمار كردووە".

جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "13 حیزب، دوو هاوپەیمانی و 124 كاندیدی تاكەكەسی خۆیان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تۆمار كردووە".

لەناو كاندیدە سەربەخۆكان، 19یان مەسیحین، حەوت لە هەولێر و هەشت لە دهۆك و چوار لە سلێمانی. هەروەها 20 كاندیدی توركمان هەن، 14یان لە هەولێر و شەش لە سلێمانی. 85 كاندیدیش بە سەربەخۆ خۆیان كاندید كردووە.

جومانە غەلای ڕایگەیاند "ئێستا لیژنەیەكی تایبەتی كۆمیسیۆن سەرقاڵی وردبینی و لێكۆڵینەوەن لە شیاویی كاندیدەكان، ناوی كاندیدەكان ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەكان لە وەزارەتی ناوخۆ، بەڵگەی تاوان و دەستەی دەستپاكیی عێراق دەکرێن".

وتەبێژی كۆمیسیۆن دەشڵێت "دوای ئەوەی لیست و كاندیدەكان پەسەند كران، تیروپشك بۆ ژماری لیستی حیزب و كاندیدە تاكەكەسییەكان دەكرێت".

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی 20-10-2024ـی بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری کردووە، کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و لایەنە سیاسییەکان پێشوازییان لە دیاریکردنی ڕۆژەکە کردووە و ئامادەن بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەکە.

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەبوو لە مانگی 10ـی 2022 بەڕێوە بچێت، سەرباری و ‏فشاری ناوخۆیی و ‏دەرەكی بۆ ئەنجامدانی، بەڵام بەهۆی ناكۆكیی لایەنەكان لەسەر یاسای ‏هەڵبژاردن ‏بە تایبەت پارتی و یەکێتی لەسەر كورسیی پێكهاتەكان، پڕۆسەكە ئەنجام نەدرا و پەرلەمان ساڵێک تەمەنی خۆی درێژکردەوە، دواتر دادگای فیدراڵیی عێراق درێژکردنەوەکەی بە "نادەستووری" لەقەڵەم دا و پەرلەمانی کوردستانی هەڵوەشاندەوە و هەرێم کەوتە بۆشایی دەسەڵاتی یاسادانان و حکومەت بوو بە کاربەڕێکەر.

بەپێى دابەشکاریى نوێ، پەرلەمانی کوردستان لە ١٠٠ کورسی پێک دێت و پێنج كورسی بۆ پێكهاتەكان تەرخان کراوە، هەڵبژاردنیش بە سیستەمی چوار بازنەیی بەڕێوە دەچێت.

پێنج كورسییەکەی پێكهاتەكان بەسەر ‏سێ‌ پارێزگادا دابەش كراون، سێ‌ كورسی لە هەولێر و سلێمانی و دهۆك بۆ ‏پێكهاتەی مەسیحی تەرخان كراوە، دوو كورسیش لە هەولێر و سلێمانی بۆ ‏پێكهاتەی توركمان.‏

كورسییەكانی پەرلەمان بەم جۆرە بەسەر پارێزگاکاندا دابەش ‏كراون: پارێزگای هەولێر 34 كورسی كە دوو كورسییان بۆ پێكهاتەكانە، ‏پارێزگای سلێمانی 38 كورسی كە دوو كورسییان بۆ پێكهاتەكانە، پارێزگای ‏دهۆك 25 كورسی كە یەك كورسیی بۆ پێكهاتەكانە، پارێزگای هەڵەبجەیش ‏سێ‌ كورسی.

هەڵبژاردنەکە تا ئێستا چوار جار دوا خراوە، سەرەتا سەرۆكی هەرێم ڕۆژی ‏‏1-10-2022ـى بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردن دیاری كرد، بەڵام لەو ڕۆژەدا نەكرا و سەرەڕای ‏سێ جاری دیكەش ‏دیاریكردنی ڕۆژی هەڵبژاردن لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە (18-11-2023 و 25-2-2024 و 10-6-2024)، بەڵام لەو سێ ڕێکەوتەشدا نەکرا.

‏لە ماوەی سێ دەیە حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان و لە دوای یەكەم هەڵبژاردنەوە لە 19-5-1992، ‏هیچ پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان لە وادەی یاسایی و دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوە ‏نەچووە.