پەرەگراف
لە دوازدەیەمین ساڵیادی دەستپێكی شۆڕشی ڕۆژئاوای كوردستان، فەرماندەی گشتیی هەسەدە بە مەرجی "لەبەرچاوگرتنی مافەكانیان"، ئامادەیی بۆ دانوستان لەگەڵ "سەرجەم هێز و لایەنەكان لەناویاندا توركیا" دەردەبڕێت، بۆ گەیشتن بە چارەسەرێكی سیاسی لە سووریا. مەزڵووم عەبدی هۆشداریش دەدات كە قەیرانى سووریا بەبێ ئامادەیی و بەشداریی هەسەدە، ناگاتە هیچ چارەسەرێك.
پەیامەكەی فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات لە كاتێكدایە كە توركیا ئامادەیی بۆ دانوستان لەگەڵ حكومەتی سووریا و بەشار ئەسەد دەربڕیوە بۆ چارەسەری كێشەی سووریا، ئەمەش بە مەترسییەك لەسەر كورد و دەسەڵاتە خۆبەڕێوەبەرییەكەی لە باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دادەنرێت.
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە)، بەبۆنەی ساڵیادی دەستپێكی شۆڕشی ڕۆژئاوای كوردستان لە 19-7-2012 لە كۆبانێوە، پەیامێكی بڵاو كردەوە و تێیدا جەخت دەكاتەوە "قەیرانی سووریا بە توندووتیژی و شەڕ چارەسەر ناكرێت".
مەزڵووم عەبدی ڕایشیدەگەیەنێت كە "قەیرانەكە بەبێ گفتوگۆیش چارەسەر نابێت"، هەر بۆیە دەڵێت "لای خۆمانەوە ئامادەین بۆ گفتوگۆ لەگەڵ هەموو لایەن و هێزەكانی سووریا، زلهێزەكان بە توركیاشەوە، پشتگیری لە هەر دانوستانێك دەكەین كە ببێتە هۆی وەستاندنی شەڕ و گەیشتن بە چارەسەری سیاسی".
مەرجی فەرماندەی هەسەدە بۆ دانوستان، لەبەرچاوگرتنی "ماف و پرەنسیپ"ـەكانی هەسەدە و پێكهاتەكانی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایە، لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێت "ئێمە هەمیشە كارمان بۆ یەكگرتوویی خاكی سووریا و دابەشنەكردنی كردووە و سیاسەتی ئەمڕۆمان یەكگرتوویی خاكی سووریا دەپارێزێت".
مەزڵووم عەبدی تیشكی خستە سەر ئەوەی كە "بە سەركردایەتیی گەلی كورد"، پێكهاتەكانی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هەموو گۆڕاون بۆ "هێز و ئیرادەیەكی گەورە و هیچ كەسێك بەبێ ئەوان ناتوانێت بگاتە هیچ چارەسەرێك لە سووریا، دەبێت هەموو لایەك ئەم ڕاستییە بزانن".
هەروەها فەرماندەی هەسەدە لە پەیامەكەیدا ئاماژە بەوە دەكات كە لە 12 ساڵی ڕابردوودا هێزەكانیان هیچ هێرشێكیان بۆ سەر هیچ هێز و لایەنێك لە سووریا ئەنجام نەداوە و ئامانجیان تەنیا پاراستنی دەستكەوتەكانی شۆڕش بووە.
"ئەمڕۆش هەمان ئەرك و كار ئەنجام دەدەین. ئەگەر كەس شەڕمان لە دژ نەكات، شەڕی لەگەڵ ناكەین، بەڵام هەر هێزێك شەڕمان بەرانبەر بكات، ئێمەش بەهێزتر لە پێشتر خۆمان دەپارێزین"، مەزڵووم عەبدی وا دەڵێت.
ڕۆژى7-7-2024، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا، دەستپێشخەرییەکی بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی توركیا لەگەڵ سووریا ڕاگەیاند و بۆ ئەو مەبەستە بانگهێشت ئاراستەى بەشار ئەسەد کرد بۆ هەنگاونان بەو ئاراستەیە.
ئەردۆغان ڕایگەیاند "ئێستا گەیشتووینەتە خاڵێكی وەها كە هەر كات بەشار ئەسەد هەنگاوێكی نا بۆ باشكردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ توركیادا، ئەوا ئێمەش ئەو هەڵوێستەی بەرامبەر نیشان دەدەین".
ئەردۆغان وتیشی "ئێمە بانگهێشتەكەمان ئاراستەی (ئەسەد) دەكەین، دەمانەوێت بەم باگهێشتە پەیوەندییەكانی توركیا و سووریا وەك ڕابردوو بگەیەنینەوە هەمان خاڵ".
لە دوای هەڵگیرسانی شەڕی سووریا لە ساڵی 2011، توركیا بەشێوەیەكی هەنگاو بە هەنگاو پەیوەندییەكانی لەگەڵ حكومەتی ئەو وڵاتە پچڕاند و پاڵپشتیی لە بەشێكی ئۆپۆزسیۆنی سووریا كرد. هەرچەندە لە ساڵانی ڕابردوودا هەڵوێستی توركیا بەرانبەر دەسەڵاتەكەی بەشار ئەسەد زۆر توند بوو، بەڵام ئێستا ئەنقەرە بۆ دژایەتیی دەسەڵاتی ڕۆژئاوای كوردستان، دەیەوێت پەیوەندییەكانی لەگەڵ دیمەشق ئاسایی بكاتەوە.