ئەفسەرێکی تورکیا دوای برینداربوونی لە هەرێمی کوردستان گیانی لەدەستدا

20-07-2024 11:49

پەرەگراف

وەزارەتی بەرگری تورکیا ڕایگەیاند، ئەفسەرێکی سوپای وڵاتەکەیان دوای ئەوەی لە شەڕی پەکەکەدا لە هەرێمی کوردستان برینداربوو، لە ئەنقەرە گیانی لەدەستدا.

وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی ئێکس بڵاویکردەوە، عەبدوڵا جەم دەمیرکان کە پلەی عەقید بووە لە سوپای تورکیا، ١٢ی ئەم مانگە بە تەقینەوەی مین لە ناوچەی زاپ لە دهۆک بە سەختیی برینداربووەو سەربازێکی دیکەش لەو تەقینەوەیەدا کوژراوە.

عەقید عەبدوڵا لە هێزی وشکانیی ئەرکداربووە لە ئۆپەراسیۆنی (چنگ – قوفڵ) لە هەرێمی کوردستان، دوای هەفتەیەک چارەسەرکردن شەوی رابردوو لە نەخۆشخانەی سەربازیی لە ئەنقەرە گیانی لەدەستداوە.

 بەپێی ڕاپۆرتێکی تیمی كوردستانی عێراقی ڕێكخراوی CPT سەبارەت بە "چاودێریی دوایین ئۆپەراسیۆن و جموجووڵی سەربازیی سوپای توركیا لە هەرێمی كوردستان" كە 8ـى ئەم مانگە بڵاو كراوەتەوە، توركیا لە 15-6-2024ـەوە ئۆپەراسیۆنێكی نوێی لەناو خاكی هەرێم دەست پێ‌ كردووە.

بەپێی ئامارەکانی سی پی تی، لەم ساڵدا، بەهۆی بۆردوومان و هێرشەکانی سوپای تورکیا لە خاکی هەرێمدا، ٩ هاووڵاتی مەدەنی شەهیدبوون و دوو هاووڵاتی تری مەدەنیش برینداربوون.

تەنیا لە یەک مانگدا (15-6 بۆ 15-7-2024) 9 گوند بەهۆی شەڕی تورکیاو پەکەکە چۆڵکراون و 184 خێزان ئاوارەبوون.