یەکێتی بە تووندی ڕێککەوتنی پارتی و تورکمان لە کەرکوک ڕەت دەکاتەوە

19-07-2024 02:30
بەڕێوەچونی یەكەم كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، 11-7-2024. وێنە؛ كەركوك ناو

 پەرەگراف

یەکێتی هەڵوێستێکی تووند پیشان دەدات لەبەرامبەر ڕێککەوتنی پارتی و تورکمانەکان بۆ پێکهێنانی ئیدارەی کەرکوک و هەڵبژاردنی پارێزگار، پێیوایە بەبێ بەشداریی ئەوان ئەوکارە "سەرناگرێت".

ئەرشەد ساڵحی، پەرلەمانتاری تورکمان و یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی ئەو پێکهاتەیە، لە کەناڵی ڕووداو ئاشکرای کرد، پارتی و بەرەی تورکمانی لە کەرکووک رێککەوتوون و چاوەڕوانی یەکلابوونەوەی لایەنە عەرەبییەکان دەکەن بۆ پێکهێنانی ئیدارەی کەرکووک.

 تورکمانەکان دوو کورسی و پارتیش دوو کورسی هەیە لە 16 کورسییەکەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، ئەرشەد ساڵح لەبارەی رێککەوتنەکەیان لەسەر پۆستی پارێزگاری کەرکوک وتی "رێککەوتووین لەسەر ئاڵوگۆڕی پۆستەکان بە سێکوچکەیی، بە شێوەیەک پۆستەکە بۆ ساڵی یەکەم بۆ کورد بێت و بۆ ساڵی دووەم بۆ تورکمان بێت و ساڵی کۆتاییش بۆ برایانی عەرەب بێت".

لە کاردانەوەشدا، سەعدی پیرە، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانی ڕایگەیاند، رێککەوتنی پارتی و بەرەی تورکمانی لە کەرکوک قبووڵ ناکەن و بە "هەڕاجکردنی کەرکوک" ناوی برد.

سەعدی پیرە دەڵێت "یەکێتی بە دەنگی خەڵکی کەرکووک زۆرینەی کورسییەکانی بەدەستهێناوە و پارتی و بەرەی تورکمانی ناتوانن پەراوێزی بخەن و لە ماف و بەرکەوتەی خۆی خۆشنابێت".

ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کە 7 مانگە هەڵبژێردراوە، 11ی ئەم مانگە لەسەر داوای سەرۆکوەزیرانی عێراق یەکەم دانیشتنی ئەنجامداو پێویستە لە ماوەی مانگێکدا پارێزگار هەڵبژێرێت.

بۆ یەکلا کردنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک، هەرلایەنێک بتوانێت هاوپەیمانییەکی نیوە+١ی ئەنجومەنەکە پێکبهێنێت پۆستەکە دەباتەوە کە پێویستی بە ٩ دەنگە لە کۆی ١٦ ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا.

یەکێتی براوەی یەکەمی حیزبەکان بوو لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، ئەو حیزبە ٥ کورسی لە ئەنجومەنەکە هەیەو لەگەڵ ٢ کورسی پارتی کورد بووەتە زۆرینەی ئەنجومەنەکە، بەڵام لەگەڵئەوەی یەکدەنگ نین، پێکەوەش هێشتا نیوە+١یان نییەو پێویستیان بە دوو دەنگی دیکە هەیە بۆ بردنەوەی پارێزگار.

پێکهاتەی عەرەبی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کە خاوەنی 6 کورسین خۆیان یەکخستووە لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەکداو ئەوانیش چاویان لە بردنەوەی پۆستی پارێزگارە، هاوکات تورکمان دوو کورسی و مەسیحییەکانیش بە کۆتا کورسییەکیان هەیەو کاریگەرییان هەیە لە یەکلاکردنەوەی پۆستی پارێزگار.