هەرێم و بەغداد لەسەر چەند خاڵێك لە بواری باجدا ڕێككەوتن

18-07-2024 07:21

پەرەگراف

وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم ڕێككەوتنی شاندی حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی لەسەر چەند خاڵێك لە بواری باجدا ڕاگەیاند و دەڵێت "دەبێتە كارئاسانی بۆ ئەو كارگە و كۆمپانیا و بانكانەی لە هەرێمی كوردستان و عێراق كار دەكەن".

ڕێككەوتنەكە دوای سەردانی لیژنەی باڵای ڕێكخستنەوەی باجی حكومەتی فیدراڵی بۆ هەرێمی كوردستان و كۆبوونەوەی لەگەڵ ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و كەمال تەیب، بەڕێوەبەری گشتیی باج و خانووبەرەی میری و بەختیار حاجی، بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری پەیوەندییەكان، هاتووەتە ئاراوە.

خاڵەكانی ڕێككەوتنەكە:

١- داننان بە پاكانەی باجی هەرێم لەلایەن حكومەتی فیدراڵییەوە كە پێشتر هیچ بایەخێكیان بۆ دانەدەنا.

٢- چارەسەركردنی كێشەی كارگەكانی كوردستان، كە پێشتر داوای باجیان لێ دەكردن بە بیانووی ئەوەی بەرهەمەكانیان لە ناوچەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق ساغ دەكەنەوە. بۆ لەمەودوا ئەو كارگانەی لە كوردستانن، دەبێت باجی داهاتەكانیشیان لە كوردستان بدەن.

٣- چارەسەركردنی كێشەی پێدانی سوتەمەنی بۆ كارگەكانی هەرێمی كوردستان بە نرخی هاندراو كە ماوەیەكە پێدانی سوتەمەنیان بەو كارگانە ڕاگرتووە، بە بیانوی نەدانی باج بە حكومەتی فیدراڵی.

٤- ڕێكکەوتن لەسەر یەكخستنی ڕێكار و ڕێوشوێنەكانی وەرگرتنی باج كرا بە میكانیزمی هاوبەش.

٥- هەردوولا لەسەر بانكەكان ڕێكکەوتن كە بارەگای سەرەكیی بانكەكە بكرێتە بنەما بۆ وەرگرتنی باج.

٦- هەردوولا ڕێكکەوتن لەسەر هەماهەنگیی پێویست و گرتنەبەری ڕێوشوێنی گونجاو بۆ ڕێگیكردن لە خۆدزینەوە لە باج.