پەرەگراف
بە بڕیاری وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی، ئەو كۆمپانیایانەی كە بە ڤیزای ساڵی و گەشتیاری خەڵكیان بۆ حەج بردووە، سڕ دەكرێن و لە بەشداریكردنی گەشتەكانی عومرە بێبەش دەكرێن، تا دۆسیەكە یەكلا دەكرێتەوە.
هەر ئەمڕۆیش بەڕێوەبەرایەتیى حەج و عومرە مەرجەکانى ڕێگهپێدانی تایبهت به كۆمپانیاكانی گواستنهوهی عومرهكارانى بڵاو کردەوە، یەکێک لە مەرجەکان ئەوەیە کە "نابێت کۆمپانیا و هاوپشکەکانى لە کێشەى ڤیزاى جۆراوجۆر بۆ حەجى ئەمساڵ تێوەگلابن".
وەزارەتی ئەوقاف ڕایگەیاند، بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران و بۆ لێكۆڵینەوە لەسەر بردنی هاووڵاتیان بۆ حەج لە دەرەوەی وەزارەتی ئەوقاف، بە فەرمانی وەزاریی ژمارە (117) لە 3-6-2024، لیژنەیەكی بە بەشداریی نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ و داواكاری گشتی پێكهێناوە و وەكوو یەكەم هەنگاویش ئەم بڕیارانەی دەركردووە:
1- ئەو كۆمپانیایانەی كە سكاڵایان لەسەر تۆمار كراوە و بە ڤیزای ساڵی و ڤیزای گەشتیاری و ڤیزا جۆراوجۆرەكان خەڵكیان بۆ وڵاتی سعودیە بردووە، تاوەكو لێكۆڵینەوەكان كۆتایی پێدێت، سڕ دەكرێن و مافی بەشداریكردنیان لە گەشتەكانی عومرەدا نییە.
2- ئەو كۆمپانیایانەی كە هیچ كێشەیەكیان نییە و لە ڕێگای وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی و بە شێوەیەكی یاسایی خەڵكیان بۆ حەج بردووە، لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەوە ئاگادار دەكرێنەوە كە بەشدار دەبن لە گەشتەكانی عومرە، دوای دەرچوونی ڕێنماییەكان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە.
3- هەر هاووڵاتییەك سكاڵای لەسەر هەر كەس و كۆمپانیاییەك هەیە، كەوا مافی زەوت كردووە و بە نایاسایی مامەڵەی لەگەڵ كراوە و زەرەرمەند بووە لە ڕێگەی ڤیزا جۆراوجۆرەكانەوە، تاوەكو (10) ڕۆژی دیكە دەتوانێت سكاڵا تۆمار بكات.
4- شوێنی تۆماركردنی سكاڵا: بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دیوانی وەزارەت، بەڕێوەبەرایەتیی یاسایی و گرێبەستەكانە.
مەرجەکانى ڕێگهپێدانی تایبهت به كۆمپانیاكانی گواستنهوهی عومرهكاران
